وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، هێزەكانی پێشمەرگە ئۆپەڕاسیۆنێكی كێوماڵكردنی لە بناری چیای قەرەچوغ ئەنجامدا جەختیشدەكاتەوە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكە لەناوبردنی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستان بووە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، بە مەبەستی رەواندنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی پاشماوەی گروپە تیرۆریستییەكانی داعش لەسەر ناوچەكە و خەڵكی سڤیل دروستیانكردووە، هێزەكانی لیوای 14ی پیادەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵكردنی لە بناری چیایی قەرەچوغ ئەنجامدا، كە گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆریستانی لێدەكرا.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لیوای 14ی پیادە كێوماڵی گوندەكانی گاوار و خدرجیجە تاوەكو شەقامی مەخموریان لە بناری چیای قەرەچوغ كرد، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكەش لەناوبردنی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆریستان بوو، هاوكات بەرقەراركردن و سەقامگیركردنی ئەمنییەت وئاسایشی زیاتری ئەو ناوچانەبوو كە گومانی هەبوونی پاشماوەی چەكدارانی داعشی لێدەكرا.