بانكی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، ئەو بومەلەرزە وێرانكەرەی لە 6ی شوباتی رابردوو روویدا بووەتەهۆی زیانی ماددیی راستەوخۆ بە سوریا كە بە نزیكەی 5.1 ملیار دۆلاری ئەمریكی دەخەمڵێندرێت.
ئەو هەڵسەنگاندنە لە راپۆرتێكی بانكەكەدا بوو لەژێر ناوی “هەڵسەنگاندنی خێرای زیانەكانی پاش كارەساتەكە لە سوریا”.
بەهای ئێستای ئەوەی زیانی پێگەیشتووە یان خاپور بووە بە نزیكەی 10%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی دەخەمڵێندرێت، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە.
راپۆرتەكە ئاماژەی نەداوە بە كاریگەری و زیانە گەورەكەی ئابوریی سوریا، وەك وەستانی بەرهەمهێنان یان كارە بازرگانییەكان، لەدەستدانی داهات، تێچووی نیشتەجێكردنی كاتی و تێچووەكانی دیكە و، ئاماژەی بەوەداوە كە كارێكی لەوجۆرە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیە.
بانكی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستەڕوو، حەلەب زۆرترین زیانی پێگەیشتووە كە دەگاتە 45%ی زیانەكان بە نزیكەی 2.3 ملیار دۆلار، بەدوایدا ئیدلب بەڕێژەی 37% (1.9 ملیار دۆلار) و لازقییە بەڕێژەی 11% (549 ملیۆن دۆلار).