ئەستێرەی بەرازیلی یانەی پاریس سانت جێرمان، نێیمار دا سیلڤا شەوی ڕابردوو لە ڕوبەڕوبوونەوەی یانەی لیۆن دووچاری پێکانێکی قورسهات و یاریگای بەجێهێشت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سپۆرتس مۆڵەوە بڵاوکراونەتەوە، شێوازی لێدانی تیاگۆ مێندێزی یاریزانی یانەی لیۆن لە نێیمار زۆر توند بووە، بەو هۆیەوە قولە پێی قاچی ڕاستی دووچاری پێکانێکی قورس بووە.
تۆماس توخێلی ڕاهێنەری یانە فەرەنسییەکە ڕایگەیاندووە، ” پێکانی نێیمار جدییە، پێویستە تاوەکو کۆتا پشکنینی پزیشکان و ستافی یانە چاوەڕوانبین، کە بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە ئەنجامبدرێت”.
View this post on Instagram
باوکی نێیمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە توڕەیی نیشانداوە و نوسیویەتی، ” تاوەکو کەی؟ لەم بارەیەوە زۆرمان وت، تاوەکو کەی ڕێگە بەم توندوتیژییە دەدرێت، کە دەزانین ڕوودەدات بۆ لە سەرەتاوە ڕێگری لێناکەین؟ ئایا پێویستە بگەڕێنەوە سەر تەکنەلۆجیای ڤار تاوەکو بڕیار لە بەکارهێنانی کارتی سوور بدەن بۆ حاڵەتێکی وەها؟ هەر دەبێت کەسێک ئازاری پێبگات بۆ ئەوەی بریاری دروست بدرێت؟ نێیماری کوڕم ڕوبەڕوی دڵڕەقی و ڕقی بەرگریکاران دەبێتەوە، ئەم جۆرە یاریکردنە تۆپی پێ دەدۆڕێنێت، تاوەکو کەی کوڕەکەم ببێتە قوربانی فاوڵگران؟ چارەسەر لەسەر ئەو کەسانە وەستاوە کە باڵادەستن لە بواری تۆپی پێ، هیچ دەکەن؟ خودا ئاگادارمان بێت و بمانپارێزێت”.
نێیماری تەمەن 28 ساڵ لەم وەرزەدا ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکردووە، لە خولی فەرەنسا و لەکۆی 12 یاری نۆ گۆڵی تۆمارکردووە و پێنج گۆڵی ڕەخساندووە، هەروەها لە خولی یانە پاڵەوانەکان لە پێنج ڕوبەروبوونەوەدا شەش گۆڵی تۆمارکردووە.