مۆدریچ: نابم بە بارگرانی لەسەر ڕیاڵ مەدرید و لەم حاڵەتەدا دەڕۆم

 

ئەستێرەی هێڵی ناوەندی هەڵبژاردەی کرواتیا، لوکا مۆدریچ ڕایدەگەیەنێت، کە لە ئەگەری دابەزینی ئاستیدا لەگەڵ بەرپرسانی ڕیاڵ مەدرید کۆدەبێتەوە و ماڵئاواییدەکات.

مایسترۆی بەڵقان لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ڕاگەیاندووە، ” دەمەوێت لە یانەی ڕیاڵ مەدرید بەردەوامبم، بەڵام لەوەش تێدەگەم کە تەمەنم هەڵکشاوە، پەیوەندییەکی توندوتۆڵم لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە هەیە و نامەوێت بەهیچ شێوەیەک ببمە بارگرانی بۆسەریان”.

ئەستێرە کرواتیەکە دەڵێت، ” کە کاتی گونجاو هات، کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەم ئەنجامدەدەم و بەیەکەوە بڕیاری گونجاو دەدەین، بەڵام هێشتا لەتوانامدایە ببمە بەشێکی گرنگ لە پڕۆژەی ڕیاڵ مەدرید، هەر کاتێک هەستمکرد ئاستم دابەزیوە و توانای ئەوەم نەماوە سوود بگەیەنم، دەڕۆم و بیر لە ململانێ لە یانەیەکی دیکە دەکەمەوە”.

لە بارەی بانگهێشتنەکردنی بۆ پێکهاتەی کرواتیا و بەردەوامبوونی لە ڕاهێنانەکانی مەدرید، لوکیتا دەڵێت، ” سوپاسی زلاتکۆ دالیچی ڕاهێنەر دەکەم، ڕێگەیپێدام لە مەدرید بمێنمەوە و ئامادەکارییەکانی سەرەتای وەرز بەبێ کێشە ئەنجامبدەم، بۆ یاریزانێک لە تەمەنی مندا زۆر گرنگە سەرەتای وەرز بەباشی دەستپێبکات، ئەگەر لە دەستپێکدا بە باشی ئامادەنەبم، بە دڵنیاییەوە تەواوی وەرز بۆ بەدەستهێنانی ڕیتمی یاریکردن بەسەردەبەم”.

لوکا مۆدریچی تەمەن 35 ساڵ لە هاوینی 2012وە پەیوەندی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە کردووە، زیاتر لە 230 یاری ئەنجامداوە و ماوەی هەشت ساڵە لەلایەن ڕاهێنەرانەوە وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی پێکهاتەی مێرەنگی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

بابەتی پێشتر

سۆڵشایەر لە لێواری دوورخستنەوەدایە و دوو ڕاهێنەر پاڵێوراون بۆ شوێنگرتنەوەی

بابەتی دواتر

بۆندێکی سەیر.. ڕۆبینیۆ بە 250 یورۆ پەیوەندی بە سانتۆسەوە کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share