تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕی ئەمریکی هاتوونەتە شاری سلێمانی بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری و چارەسەر بۆ ئەو منداڵانەی کە نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵیان هەیە.
تیمەکە بە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی و رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان هاتوون و ئەوە 40ـەمین جارە دێنە سلێمانی، تیمەکە لە سلێمانی نەشتەرگەرییەکانی قەستەرە و ئەو نەخۆشییانەی لە رێگەی قەستەرەوە چارەسەر دەکرێن ئەنجام دەدەن بۆ ئەو منداڵانەی نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵیان هەیە.
تیمە پزیشکییەکە ماوەی پێنج رۆژ لە سلێمانی دەمێننەوە و لە رۆژی یەکەمی هاتنیاندا نەخۆشیان بینیوە، تەنها ئەو نەخۆشانەش بینراون کە نەخۆشیی زگماکیی دڵیان هەیە و لە رێگەی قەستەرەوە چارەسەر دەکرێن.
بەپێی وتەی سەرپەرشتیاری تیمەکە، یەکەم کۆمەڵە کە نەشتەرگەریی دەکرێن و خێران شەش منداڵن و پشکنینیان بۆ کراوە، بەپێی پلانەکەش تا رۆژی پێنجشەممە کە کۆتا رۆژە 24 منداڵ نەشتەرگەریی دەکرێن.
پزیشکانی تیمەکە پسپۆڕیی زۆر ورد و تایبەتمەندی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵانن لە ئەمریکا، کە پێکهاتوون لە چوار پزیشکی پسپۆڕییە جیاوازەکانی دڵ، نەشتەرگەرییەکانیان لە بوارەکانی کونی گەورەی بەشی سەرەوەی دڵی منداڵ، تەسکیی خوێنبەرەکان و نەخۆشییە زگماکییەکانی دیکە.
خوێندکارانی بۆردی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بانگهێشتکراون بۆ راهێنان لەگەڵ ئەو تیمە ئەمریکییەدا لەکاتی نەشتەرگەرییەکاندا.
سەرەڕای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان تیمەکە کەرەستەی پێویستی تایبەت بە نەشتەرگەرییەکانیان هێناوە لە وڵاتی ئەمریکاوە و دەیبەخشن بە تەندروستیی شاری سلێمانی.