“درۆ”كانی نێو ئینستگرام هەرزەكاران تووشی كێشەی دەروونی دەكات

تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستگرام تەنها پێگەیەک نییە بۆ بەشداریپێکردنی وێنە و ڤیدیۆ لەنێوان هاوڕێکاندا، بەڵکو شوێنێکە بۆ خۆدەرخستن، بەراوردکردن و گەڕان بەدوای ڕاکێشانی سەرنجی هەواداران و کۆکردنەوەی زۆرترین هەوادار، تۆڕەکە زۆرتر لەلایەن هەرزەکارانەوە بەکاردەهێنرێت بەراورد بە کەسانی پێگەیشتوو، هەروەها بە هۆکارێک دادەنرێت بۆ نەخۆشییە دەروونییە مەترسیدارەکان و تەنانەت گەیشتن بەبڕیاری خۆکوژی.

زۆرترین بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستگرام، هەوڵدەدەن تەنها دڵخۆشی و جوانییەکانیان پیشانبدەن و کێشە و سەختییەکان دەشارنەوە، بۆ نمونە، وێنەی کەنار دەریا، چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکان و جەستەی ڕێک و جلوبەرگی گرانبەها، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر دروستکردنی هەستکردن بە کەمی لەلای بەکارهێنەران، کاتێک بەراوردی خۆیان دەکەن بەوەی دەیبینن.

ئەندریێ ئان لیگاری پسپۆڕ لە دەروونناسیی ئیکلینیکی “یەکێکە لە لقەکانی دەروونناسی و گرنگی بە نەخۆشییە ژیرییەکان، هەڵسوکەوتی نامۆی تاک دەدات” لە زانکۆی شێربۆرگی کەنەدی دەڵێت، “من چارەسەری ژمارەیەکی زۆر لەو گەنجانە دەکەم کە تووشی کێشەی گەورە یان بچووک بوون بەهۆی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی گشتی”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندییەکی زۆر هەیە لەنێوان زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کێشە دەروونییەکان و گۆشەگیری، ڕێزنەگرتنی خود و ڕازینەبوون لە جەستە و ڕوخساری کەسەکە خۆی.

ئەو پسپۆڕە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستگرام بە نمونە دەهێنێتەوە، کە وادەکات هەرزەکاران نەتوانن ڕازی بن لەو جەستە و ڕووخسارەی هەیانە بەراورد بەو وێنە و ڤیدیۆ دەستکاریکراوانەی لەناو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدا بەشێوەیەکی بەربڵاو پیشاندەدرێت.

باسی لەوەشکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان، ئەکتەر و کەسایەتییە بەناوبانگەکان چەندین جۆر فلتەر و جوانکاری و کاری دەستکرد دەکەن بۆ ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە ئینستگرام بڵاویدەکەنەوە، ئەمەش وادەکات هەرزەکاران ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کاریگەریی نەرێنی ببنەوە لەکاتێکدا بەراوردی خۆیان بەو وێنە و ڤیدیۆ ناواقعییانە دەکەن.

پسپۆڕەكە پێی وایە، بەمەش هەرزەکارە ئالودەبووەکان پەنادەبەنە بەر کار و ڕەفتاری جۆراوجۆر تاوەکو بتوانن لەو وێنانە بچن، لە ئەگەری بێئومێدبوونیشیاندا کێشە دەروونییەکان تیایاندا سەرهەڵدەدەن.

بابەتی پێشتر

سێكس بەرامبەر پارە<br> پێشێلكارییەكانی نێو بەندیخانەكانی ژنان لە ئێران ئاشكرادەكرێن

بابەتی دواتر

11 یاریزانی میلان لە یاریكردن دووردەكەونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share