بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایدەگەیەنێت، “پێشنیازێكمان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار خستووەتە بەردەم حكومەتی هەرێم ئەگەر بڕیاری لەبارەوە بدات بەهای دۆلار دادەبەزێت”.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پێشنیازێكمان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار گەڵاڵەكردووە و ئاراستەی حكومەتی هەرێم كراوە ئەگەر رەزامەندی لەسەر بدات ئەوا بەهای دۆلار دادەبەزێت.
ئاشكراشیكرد، “داوامانكردووە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی خانوو و ئۆتۆمبێل لە بری دۆلار بە دینار بێت و هەر كەسێك گرێبەستی بۆ كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون ئەنجامدا قیست و پێشەكی یەكەكەی بە دینار بێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێشنیازەكە بۆ وەزارەتی بازرگانیی هەرێم بەرزكراوەتەوە كە دەنێردێتە ئەنجومەنی وەزیران و ئەگەر پەسەندی بكات سەرجەم نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوو و پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل بەپێی رێنماییەكان پابەنددەكرێن دەبێت مامەڵەكانیان بكەن بە دینار و بەو هەنگاوەش بەها بۆ دیناری عێراقی دەگەڕێتەوە و بەهای دۆلار دادەبەزێت و ئەوەش لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان دەبێت.