وەزیری پەروەردە: دەنگۆی لابردنی پەروەردەی ئیسلامی بەئامانجگرتنێکی سیاسییە

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەی لەبارەی دەنگۆی لابردنی وانەی پەروەردەی ئیسلامی لە قۆناغەکانی خوێندن دا و ڕایگەیاند، هیچ واژوو، یان ئاماژە یان دەنگێکی من لەو بارەیەوە نییە، هەر کەسێک بەڵگەی هەیە با بڵاویبکاتەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، “ئەوانەی نەیانتوانی شەڕی گەندەڵیمان لەگەڵ بکەن، بەم کەیسە کە لابردنی بابەتی پەروەردەی ئیسلامییە و بۆ زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە موسڵمانن گرنگە، دەیانەوێت ئەو شەڕەمان لەگەڵ بکەن”.

وەزیری پەروەردە جەختیکردەوە هیچ واژووییەکی بۆ بڕیارێکی لەوشێوەیە نەکردووە وتی، “ئەوانەی ئەو دەنگۆیانەیان بڵاوکردووەتەوە یەک واژووی من نابینن بۆ لابردنی پەروەردەی ئیسلامی، بەڵگەی لەوجۆرەشیان نییە ئەگەر هەیانە با بێمنەت بن بڵاویبکەنەوە”.

جەختیکردەوە، “هەر میدیایەک، هەر پەرلەمانتارێک، هەر کەسێک واژوویەکی منی هەیە بۆ لابردنی پەروەردەی ئیسلامی بێمنەتبێت با بڵاویبکاتەوە، کە من لە 15ی تەمموزی 2019وە وەزیری پەروەردەی حکەموتی هەرێمی کوردستانم و لەوکاتەوە بەرپرسیارم لە کارەکانم، هەرکەسێک واژوویەکی هەیە کە من بڕیارمداوە پەروەردەی ئیسلامی بگۆڕێت یان نەخوێنرێت با بڵاویبکاتەوە”.

باسی لەوەکرد، “ئەو دەنگۆیانە بەئامانجگرتنێکی سیاسییە، بکەرەکانی دیارن، داواکارم داواکاری گشتی بێتەسەر هێڵ و داوای ئەو دۆکیومێنتانەیان لێبکات”.

وەزیری پەروەردە وتی، “من بەرامبەر بە خوا، بەرامبەر میللەتەکەم و بەرامبەر پەرلەمان لەوە بەرپرسیارم کە هیچ واژوویەکم بۆ ئەو پرسە نەکردووە”.

ئاماژەی بەوەکرد، لەو بابەتەدا هەندێک لە مامۆستایانی ئایینی کەوتوونەتە هەڵەوە و لە وتاری هەینیدا باسیانکردووە، “من نازانم چۆن مامۆستایەکی ئایینی بەبێ زانیاری بەبێ بەڵگە بابەتێکی لەوجۆرە لە وتاری هەینیدا باسدەکات، میمبەر ئەمانەتە ئەو مامۆستایانە دەبێت پێداچوونەوە بکەن”.

وەزیری پەروەردە وتی، “ئێمە بە پێچەوانەی دەنگۆکانەوە خزمەتێکی زۆری پەروەردەی ئیسلامییمان کردووە، ئەگەر ئەو دەنگۆیانە شەڕێکی سیاسییە من لێی بێباکم، ئەگەرعەزێتدانی دڵی مسوڵمانانیشە ئازارمان پێدەگات”.

ئەم وتانەی وەزیری پەروەردە لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی لابردن یان گۆڕینی وانەی پەروەردەی ئیسلامی لە بەشێک لە قۆناغەکانی خوێندندا هەڵگیراوە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێكی دەستگیركرد كێبڵی كارەبای دزیبوو

بابەتی دواتر

توركیا سەربازگەی دیكەی لە ئامێدی كردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share