تەندروستیی جیهانی لەبارەی ڤایرۆسێکی بکوژەوە داوای کۆبوونەوەی بەپەلە دەکات

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەسەر ڤایرۆسی ماربۆرگ ئەنجامدا کە بە نەخۆشییەکی کوشندە ناسراوە، نزیکەی 90%ی تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە گیانلەدەستدەدەن.

رۆژنامەی “دەیلی مەیل”ی بەریتانی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ رێکخراوەکە شارەزایانی تەندروستی لە هەموو جیهانەوە کۆکردووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێگاکانی پەرەپێدانی ڤاکسین یان چارەسەری ڤایرۆسی ماربۆرگ.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی ترس و هۆشدارییەکاندا ئەنجامدراوە کە “رەنگە جیهان تووشی قەیرانێکی دیکە ببێت بەو نەخۆشییە”.

ئەندامانی کۆمەڵەی ڤاکسینی ڤایرۆسی ماربۆرگ (MARVAC) دەڵێن، “ئەگەری هەیە بەردەستبوونی چارەسەر و ڤاکسینەکان بۆ نەخۆشییەکە چەند مانگێک بخایەنێت”.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە کینیا یەکەم بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ماربۆرگی راگەیاند، دوای مردنی لانیکەم نۆ کەس لەو وڵاتە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، “لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکرێت، تیمی پێشکەوتوو لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان جێگیرکراون بۆ دۆزینەوەی بەرکەوتەکان و کەرەنتین کردنیان و دابینکردنی چاودێریی پزیشکی بۆ ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان تێدا دەردەکەوێت”.

تیمی (MARVAC) تا ئێستا 28 جۆر ڤاکسینی دەستنیشان کردووە کە ئەگەری هەیە کاریگەر بن لە دژی ماربۆرگ، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە سەرنجیان لەسەر 5 لەوانە دەبێت بۆ بینینی کاریگەرییەکانیان.

ڤایرۆسەکە هاوشێوەی ئیبۆلا بە “زۆر مەترسیدار” دادەنرێت، سەرەتا لە شەمشەمەکوێرەدا دەرکەوتووە، لە رێگەی بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ شلەی جەستەی کەسانی تووشبوو یان ڕووکارەکان لەنێو مرۆڤەکاندا بڵاودەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

سبەی کرایە پشووی فەرمی

بابەتی دواتر

ئۆپیک: عێراق و سعودیە لە مانگی رابردوودا زۆرترین رێژەی کەمبوونەوەی بەرهەمیان هەبووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی هەولێر لەبارەی گیانلەدەستدانی ژنێک لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون روونکردنەوە دەدات

بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، ئەو ژنەی لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون گیانیلەدەستدا بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەهۆی درەنگ گەیشتنییەوە بووە بە…
Total
0
Share