یاریزانی هۆڵەندی یانەی ئۆڵیمپیک لیۆن، مێمفس دیپای لە هاوینی ڕابردوو تاوەکو ئێستا داواکراوی ڕۆناڵد کومانی ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە بووە، بەڵام پێدەچێت یانەی پاریس سانت جێرمان هاوکێشەکە ئاڵۆز بکات.
هاوینی ڕابردوو یانەی بەرشلۆنە لەسەر خواستی ڕۆناڵد کومانی ڕاهێنەر هەوڵیاندا دیپای لە خولی فەرەنساوە وەک شوێنگرەوەی لویس سوارێز دابینبکەن، بەڵام کێشە داراییەکان و بەرزی ڕێژەی موچەی یاریزانان ڕێگری لە گواستنەوەکە کرد.
زۆرینەی سەرچاوە کەتەلۆنییەکان پێیان وایە، هێشتا ئیدارەی بارسا لە گواستنەوەی هێرشبەرە هۆڵەندییەکە کۆڵی نەداوە و لە هاوینی 2021 دووبارە سەرۆکایەتی نوێی یانەکە هەوڵی بۆ دەداتەوە.
لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی لو پاریزیانی فەرەنسی ئاماژەیکردووە، لیۆناردۆ ئاراوخۆی بەڕێوبەری پاریس سانت جێرمان لە هەوڵی نوێکردنەوەی بۆندی نێیمار و مباپێدایە و هەوڵەکانیشی بۆ کڕینی هێرشبەرێکی سەرەڕام دەستپێکردووە، یاریزانی دەستنیشانکراویش مێمفس دیپای هۆڵەندییە.
دیپای تەمەن 26 ساڵ لە هاوینی 2021 گرێبەستەکەی لەگەڵ لیۆن کۆتاییدێت، هەریەک لە بەرشلۆنە و پاریس دەیانەوێت بەبێ بەرانبەر دابینی بکەن، چاوەڕوانکراوە لیۆناردۆ و هاوکارانی موچە و ئیمتیازاتی زیاتری لە بەرشلۆنە پێشکەشبکەن.