دامەزراوەی میدیایی كۆباس: پەڕەكەمان لە فەیسبووك زەوتكراوە و رووبەڕووی هێرش بووینەتەوە

دامەزراوەی میدیایی كۆباس دەڵێت، رووبەڕووی هێرشێكی سایبەری بوونەتەوە و پەڕەكەیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك زەوتكراوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی، سەرپەرشتیاران و كارمەندانی دامەزراوەی میدیایی كۆباس رایانگەیاند، دوای هەوڵدان بۆ سڕینەوەی پەڕەكەیان، دواجار باندێكی نەناسراو پەڕەیەكی فەیسبووكیان لە ئوردن بە بەهای دەیان هەزار دۆلار كڕیوە و دواتر لە رێگەی ناردنی بەڵگەنامەی ساختەوە، پەڕەكەیان وەك پەڕەی فەرمیی كۆباس ناساندووە و پەڕە راستەقینەكەی دامەزراوەكەیان لە كۆمپانیای مێتا سڕیوەتەوە.

ئاماژەیان بۆ ئەوەش كرد كە بە گومانن لەو کارە و بەپێی به‌دواداچوونه‌كانیان، ھێرشەکە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوە پلانى بۆ دانراوه‌ و كراوه‌ته‌ سەر پەڕەکەیان و دەڵێن، “پێمانوایه‌ لایەنێکی دیاریکراو لە پشتی ئه‌م كاره‌وه‌یه‌”.

دامەزراوەی میدیایی كۆباس جەختدەكاتەوە لەوەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و لە راگەیەندراوێكدا، داوا لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێم و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەندیكای رۆژنامەنووسان و چەندین دامەزراوەی دیكە و رای گشتی دەكات هەڵوێستیان لەو بارەیەوە هەبێت.

دەقی راگەیەندراوەكە:-

بانگەوازێکی كراوه‌ بۆ بەڕێزان،

– سەرۆکایەتیی په‌رلەمانی کوردستان

– سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

– سەرۆکایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

– ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێمى كوردستان

– نوێنه‌رایه‌تى وڵاتانى بیانى له‌ هه‌رێم و باڵیۆزخانه‌ى وڵاتان له‌ عێراق

– به‌شى ئازادى راده‌ربڕین له‌ رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌تایبه‌تى به‌شى ئازادى راده‌ربڕین له‌ رێكخراوى یونسكۆ.

– سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان

– سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان

– كۆمیته‌ى جیهانیی به‌رگریی كردن له‌ رۆژنامه‌نووسان (CPJ)

– نوێنه‌رایه‌تى رێكخراوى چاودێرى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ عێراق

– رێكخراوى په‌یامنێرانى بێسنوور

– سەرجەم ڕۆژنامەنووسان

– ڕای گشتی

ئێمه‌ وه‌ك دامه‌زراوه‌ى میدیایی كۆباس كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى میدیایی كارا و سه‌ربه‌خۆین و له‌ڕێگه‌ى ره‌چاوكرنى پره‌نسیپه‌كانى رۆژنامه‌وانیه‌وه‌ كارى خۆمان ده‌كه‌ین، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر رووبه‌ڕووى هێرشى ئه‌لیكترۆنى بووینه‌وه‌، پاش چه‌ندین هه‌وڵ بۆ سڕینه‌وه‌ى په‌ڕه‌كه‌مان له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك، سه‌ره‌ئه‌نجام رۆژى 4ى شوبات به‌ته‌واوه‌تى په‌ڕه‌كه‌مان له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك سڕدرایه‌وه‌.

پاش به‌دواداچوون بۆمان ده‌ركه‌وت، ورده‌كارى بابه‌ته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌، باندێكى ئه‌لیكترۆنى سه‌رچاوه‌ نادیار هه‌ستاون به‌ كڕینى په‌ڕه‌یه‌كى عه‌ره‌بى نادیار به‌رامبه‌ر به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كى زۆر، دواتر ناوی میدیاكه‌ى ئێمه‌یان به‌كارهێناوه‌ و ناوى پەڕەی فەرمی کۆباسیان لێناوە، پاشان لەڕێگەی ناردنی زانیاى و به‌ڵگه‌ى ساختەوە بۆ کۆمپانیای مێتا ( فەیسبووک) په‌ڕه‌كه‌یان به‌ فه‌رمى ناردووه‌ و په‌ڕه‌كه‌ى ئێمه‌شیان به‌ ساخته‌ له‌قه‌ڵه‌مداوه‌ و سڕیویانه‌ته‌وه‌.

ئێمه‌ لێره‌، بەڕاشکاوی رایدەگەیەنین؛ بە گومانین لەم کارە و بەپێی به‌دواداچوونه‌كانیشمان، ھێرشەکە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوە پلانى بۆ دانراوه‌ و كراوه‌ته‌ سەر پەڕەکەمان. پێشمانوایه‌، لایەنێکی دیاریکراو لەپشتی ئه‌م كاره‌وه‌یه‌.

بە بڕوای ئێمە، ئەم کارە جگە لەوەی بەرتەسککردنەوە و بێدەنگکردنی ئازادیی ڕادەربڕینە لە هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی مەترسیداریشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم دامەزراوە میدیاییەکان، چونکە خەرجکردنی پاره‌یه‌كى زۆر لەم پڕۆسەیەدا لە توانای کەسانی ئاساییدا نییە، دەشێت دامەزراوەی گەورە له‌پشتی کارەکەوه‌ بێت. ئه‌مه‌ش واده‌كات هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كى میدیایی له‌ هه‌رێمى كوردستان پارێزراو نه‌بێت. هه‌ركاتێك به‌ دڵى لایه‌نێكى دیاریكراو قسه‌ى نه‌كرد بكه‌وێته‌ به‌ر هێرشى ئه‌لیكترۆنى و هه‌ڕه‌شه‌ى سڕینه‌وه‌ى هه‌ژمار و په‌ڕه‌كانى له‌ پلاتفۆڕمه‌كانى له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

ده‌مانه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌شبكه‌ین، ئێمه‌ تاكه‌ میدیا نین كه‌ كه‌وتووینه‌ته‌ به‌ر ئه‌م هێرشه‌، به‌ڵكو ماوه‌ى زیاتر له‌ مانگێكه‌ چه‌ندین دامه‌زراوه‌ى میدیایی تر كه‌ زۆرینه‌یان نووسینگه‌ى سه‌ره‌كییان له‌شارى سلێمانییه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر ئه‌م هێرشه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى روون و نیشانه‌یه‌كى مه‌ترسیداره‌ بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى ئازادى راده‌ربڕین و رێگه‌گرتن له‌ ده‌نگه‌ ئازاده‌كانى نێو میدیا.

ئه‌مانه‌وێت ئه‌م بانگه‌وازه‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێكیش بۆ ئه‌وه‌ى ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ین، سڕینه‌وه‌ى په‌ڕه‌كه‌مان تاكه‌ كار نییه‌ كه‌ به‌رامبه‌رمان كراوه‌، به‌ڵكو له‌ رابردوودا، له‌كاتى رووماڵكردنیشدا چه‌ندین جار له‌ شاره‌كانى هه‌ولێر، دهۆك، ئیداره‌ى سۆران و ئیداره‌ى زاخۆ رێگرى له‌ تیمه‌كانمان كراوه‌. وه‌ك خۆشتان ئاگادارن ئێمه‌ تاكه‌ دامه‌زراوه‌ نین كه‌ تووشى ئه‌م حاڵه‌تانه‌ ده‌بین و له‌ راپۆرته‌كانى ساڵانه‌ى تایبه‌ت به‌ ئازادى رۆژنامه‌وانى و ره‌وشى رۆژنامه‌وانى زۆر به‌ روونى زانیارییه‌كان به‌ڵگه‌ كراون.

لەکۆتایدا دەمانەوێت بڵێین، دامەزراوەی میدیایی کۆباس، لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بە شێوازێکی پڕۆفیشناڵانە کار دەکات و لەم ماوەیەشدا جگە لە رێگرییە بەردەوامەکانی کە ئاماژەمان پێدا، چەندین جاری دیکە تیمه‌كه‌مان رووبەڕووی ھێرش و هەڕەشەی کوشتن و رفاندن بوونه‌ته‌وه‌، ئێستاش ئەم شێوازە بۆ بێدەنگکردنمان بەکاردەهێندرێت. ھەر بۆیە داواکارین، لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و نوێنه‌رایه‌تى وڵاتان، رێكخراوه‌كان و سەندیکاکان، لەسەر ئەم هەڵمەتە ناڕەوایە بێنە دەنگ بە ئەرکی یاسایی خۆیان ھەستن.

لەگەڵ ڕێزدا،

6ى شوباتى 2023

دامەزراوەی میدیایی کۆباس

بابەتی پێشتر

کەشناسی: لە سبەینێوە تا هەفتەیەک پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی دادەبەزن

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی پەیامێكی ئاراستەی كەسوكاری قوربانییانی بومەلەرزەكەی توركیا و سوریا كرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share