وەزیری دەرەوەی روسیا بە سەرۆكایەتیی شاندێك سەردانی بەغدادی پایتەخت دەكات و بڕیارە زنجیرەیەك دیدار لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا ئەنجامبدات.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، شاندێكی حكومەتی روسیا بە سەرۆكایەتیی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ بە سەردانێكی فەرمی دەگاتە عێراق.
بڕیارە لاڤرۆڤ چاوی بە سێ سەرۆكایەتییەكە و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە بكەوێت.
سەحاف وتی، “هەردوولایەن (عێراق و روسیا) چەندین پرس و دۆسیە تاوتوێدەكەن پەیوەندیدار بە سروشتی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و گرنگیی پاڵپشتی و پەرەپێدانی لە كەرتە جیاوازەكاندا”.
شاندەكە باڵا دەبێت لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، ئابوری و وەبەرهێنان و ژمارەیەك كۆمپانیای جۆراوجۆری نەوتی و غازی، سەرەڕای كۆمپانیاكانی بوارەكانی دیكە لەخۆدەگرێت.