د. جوان ئیحسان دەڵێت، یەكێتی بەردەوامە لە ریفۆرمی ناوخۆیی حزب و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش داوای رەوای هەیە، كە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرسی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردنێكی گونجاوە.
د. جوان ئیحسان ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، “یەكێتی باوەڕی بە هەڵبژاردن هەیە وەك كۆڵەكەیەكی دیموكراسی و بە هیچ جۆرێك نابێتە بەربەست و باوەڕی بە دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هەیە، بەڵام یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان داوای رەوای هەیە، كە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرسی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردنێكی گونجاوە كە بێگەردیی پرۆسەكە گەرەنتی بكات”.
جەختیشدەكاتەوە كە “یەكێتی نە لە هەرێم و نە لە عێراقیش سازش لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك ناكات و نەیكردووە، ئەم پەیامە زۆر روونە و سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بە ئاشكرا رایگەیاندووە و بە پراكتیكیش كاری پێدەكات”.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە میدیای فەرمیی حزبەكەی راگەیاندووە، “هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی پێش ئەوەی حزبی بێت، پیاوی دەوڵەتدارییە، وەكو حزب پشتیوانی لێدەكەین و بە فیگەرێكی زۆر سەركەوتووی دەبینین، لە ماوەی رابردوودا و تا ئێستاش زۆر بە تەحەمولە و بەرپرسیارانە مامەڵە دەكات و بەرپرسیارە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا لەناو حكومەت”.