لەبارەی دۆخی كەركوكەوە هۆشداری دەدرێت

پەرلەمانتارێكی كورد لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی ڕەوشی كەركوكەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت، “ئەو شارە بێ كارەبایە و كۆرۆناش بەرۆكی ماڵ بە ماڵی گرتووە”.

ڕێبوار تەها، سەرۆكی لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ شەممە 12ی كانونی یەكەم ڕایگەیاندووە، “لەم كاتەدا كە پەتای كۆرۆنا بەرۆكی هەموو پارێزگاكانی عێراقی گرتووە، حكومەتی ناوەندی بە تەواوی كەركوكی پشتگوێ خستووە”.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە كە خۆی خەڵكی كەركوكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “هیچ پەرۆشییەك بە حكومەتەوە دیارنییە بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی بەهۆی ئەو پەتایەوە هاتونەتەپێش”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “پارێزگای كەركوك لەئێستادا دەناڵێنێت بەدەست پچڕانە بەردەوامەكانی كارەباوە، كە ڕۆژانە 19 كاتژمێر دەبڕێت، ئەوەش كێشەی بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی دروستكردووە كە لەلایەن حكومەتەوە بڕیاری لەبارەوە دراوە”.

سەبارەت بە ڕەوشی كۆرۆنا لە پارێزگاكە ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئەوەشی وتووە، “توشبووانی كۆرۆنا زۆربەیان بەهۆی كەرەنتینەوە لەماڵەوە هەوڵی وەرگرتنی چارەسەر دەدەن، بەڵام پچڕانی بەردەوامی كارەبا كێشەی بۆ دروستكردوون، ئەمەش یەكێك لە دەیان كێشە كە پارێزگای كەركوك بەدەستییانەوە دەناڵێنێت”.

“هاوڵاتییانی كەركوك متمانەیان بە حكومەتی ناوەند نەماوە بۆ چارەسەری كێشەكانیان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان، داوا لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەم بە ڕۆڵی خۆی هەستێت و چاودێریی بارودۆخی ئەو پارێزگایە بكات”، وەك ڕێبوار تەها ئاماژەی پێكردووە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سامانە سروشتییەکان: بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند،”بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە”. وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر (7:05)ی…
زیاتر ببینە

شاخەوان ڕەئوف: داوامانكردووە كەمترین مووچەی خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ 400 هەزار دینار بێت

سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، داوامانكردووە كەمترین مووچەی خانەنشینيی هێزەكانی ناوخۆ بەپێی ئەو پڕۆژەیاسای تایبەت…
Total
0
Share