رێكخراوێك: ئازادیی رادەربڕین لە هەرێم پێویستی بە هەنگاوی خێرا و كردارییە

رێكخراوێك نیگەرانی لەبارەی حاڵەتەكانی پێشێلكاریی ئازادیی رادەربڕین لە هەرێم دەردەبرێت و رایدەگەیەنێت، بارودۆخەكە پێویستی بە گرتنەبەری هەنگاوی خێرا و كردارییە.

رێكخراوی ئاشتی و ئازادی ئەمڕۆ لە هەولێر راپۆرتێكی لەبارەی پێشێلكارییەكانی پەیوەست بە ئازادیی رادەربڕین و كاری میدیایی لە هەرێم بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بارودۆخی ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێكە كە پێویستی بە گرتنەبەری هەنگاوی خێرا و كردارییە لەلایەن دامەزراوەكانی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە.

رێكخراوەكە كە بارەگا و چالاكییەكانی لە هەولێرە ئاماژەی بەوەشدا، “بە نیگەرانییەوە لە حاڵەتەكانی پێشێلكاریی ئازادیی رادەربڕین بە گشتی و ئازادیی كاری میدیایی بە تایبەت دەڕوانێت”.

هەروەك ئامارێكی لەبارەی پێشێلكارییەكانی ساڵی رابردوو خستەڕوو و ئاشكرایكرد، 250 دۆسیەی پێشێلكارییان دژ بە میدیا و میدیاكاران تۆماركردووە، لەپاڵ ژمارەیەك دۆسیەی دیاریكراو كە دژ بە پەیامنێر و میدیاكاران لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامدراون.

دۆسیەكان 399 پەیامنێر و رۆژنامەنووسی كەناڵەكانی میدیایی دەگرێتەوە، وەك ئەوەی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی ئاماژەی پێدا.

روونیشیكردەوە، دۆسیەكان بەمجۆرەن (دەستگیركردن 43 دۆسیە بەرامبەر 72 رۆژنامەنووس، رێگری لە رووماڵی میدیایی 113 دۆسیە بەرامبەر 185 رۆژنامەنووس، شكاندن و گرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی 38 دۆسیە بەرامبەر 64 رۆژنامەنووس، هەڕەشە و برینداركردن 17 دۆسیە بەرامبەر 31 رۆژنامەنووس).

جگە لە دوو 2 حاڵەتی هەڵكوتانەسەر كەناڵەكانی میدیا، 25 حاڵەتی پێنەدانی زانیاری، 9 هەڕەشە و پێنج حاڵەتی هاككردن و هەڕەشەی ئەلیكترۆنی.

بابەتی پێشتر

پلاندانان: لە ساڵی رابردوودا هەڵاوسان نزیکەی 5% بەرزبووەتەوە

بابەتی دواتر

یەكێتی پۆستێكی باڵای نوێ لە بەغداد وەردەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share