قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەك کونسوڵی گشتی و نوێنەری وڵاتاندا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ ژمارەیەك کونسوڵی گشتی و نوێنەرانی وڵاتە بیانییەکان لە سلێمانی کۆبووەوە و رایدەگەیەنێت، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ کاری میدیا و ئازادی رەخنەگرتن و پاراستنی ژنان لەو هەڕەشانەی رووبەڕوویان دەبنەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە سلێمانی پێشوازیکرد لە ژمارەیەک کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و بەرپرسانی یۆنامی و یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و لەبارەی کۆمەڵێک پرسەوە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا كە ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا، ئۆلیڤێ دیکۆتینی کونسوڵی گشتیی فەرەنسا، هێثەر پاترسۆن بەرپرسی نووسینگەی کەنەدا، نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر (یۆنامی) و نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا، لەگەڵ کونسوڵەکانی کۆریای باشوور و یۆنان و سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی ئامادەبوون، تیشک خرایەسەر ئازادییە گشتییەکان و مافی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان.

قوباد تاڵەبانی جارێكی دیكە دووپاتیكردەوە، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ کاری میدیا و ئازادی رەخنەگرتن و پاراستنی ژنان لەو هەڕەشانەی رووبەڕوویان دەبنەوە.

باسی لەوەشکرد، لە هەوڵی بەردەوامدان زانکۆکان ببەستنەوە بە بازاڕی کارەوە بەپێی تایبەتمەندیی ناوچە و شارەکانی دابەشبوونی زانکۆکان، هەروەها لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ کۆمپانیا گەورە ناوخۆیی و بیانییەکان بۆ کەڵک وەرگرتن لە توانای گەنجان و دەرچووانی زانکۆکان بەپێی پسپۆڕی و شارەزاییان.

لە بەرامبەردا کونسوڵ و نوێنەرانی میوان پێزانین و دەستخۆشی خۆیان دەربڕی بۆ هەوڵەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و هاوڕابوون لەبارەی گرنگی پەیوەندی و بیروڕا گۆڕینەوە لە قۆناغەکانی داهاتوودا جەختیان لە هەماهەنگی کردەوە لە پرسە جێگە بایەخە هاوبەشەکان.

بابەتی پێشتر

سەركۆ ئازاد: بڕیارەكانی مەسرور بارزانی بۆ سزادانی سلێمانییە

بابەتی دواتر

لە رووداوێكی هاتوچۆدا لە هەولێر دوو كەس برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share