چۆن 30 ساڵە خۆی شاردووەتەوە؟.. چیرۆكی ئەو سەرۆك مافیایەی لە ئیتاڵیا دەستگیركرا

ساتی دەستگیركردنی ماتیۆ میسینا دینارۆ-ی مەترسیدارترین مافیای ئیتاڵی

كاتێك هێزەكانی پۆلیس سلڤاتۆری توتو ریینا-ی سەركردەی مافیای (كوزا نوسترا)ی ئیتاڵی لە ساڵی 1993دا دەستگیركرد كە 23 ساڵ لە لیستی داواكراواندا بوو، ئەو بە هێمنی لەگەڵ هاوژین و چوار منداڵەكەی لە پالیرمۆ دەژیا.

هاوكات لەگەڵ دەستگیركردنەكەی ریینا، هەڵمەتێك ئەنجامدرا بۆ دەستگیركردنی ژمارەیەك لە ئەندامانی گروپی مافیای (كوزا نوسترا) كە چەند هەوڵێكی دژ بە دەوڵەت ئەنجامدا و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی تیرۆر كرد.

لەوكاتەوە، یەكێك لە نزیكەكانی ریینا، كە ئەویش ماتیۆ میسینا دینارۆ (60 ساڵ) بوو، كە دواتر بووە سەركردەی گروپە مافیاكە و مەترسیدارترین داواكراو، بۆ ماوەی 30 ساڵ بە نادیاری مایەوە، بەرلەوەی رۆژی دووشەممە لەلایەن پۆلیسەوە لە نەخۆشخانەیەكی تایبەتی پالیرمۆ دەستگیربكرێت، كاتێك لەوێ چارەسەری بۆ شێرپەنجە وەردەگرت.

دینارۆ لە ساڵی 1993ەوە لەبەرچاو ونبوو، بە نائامادەبوون سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردادرا بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی كوشتنی داواكارانی گشتی، ئەوانەی كاریان شوێنكەوتنی گروپەكەی بوو، كە بریتی بوون لە هەریەك لە جیوفانی ڤالكۆنی و پاولۆ بۆرسیلینۆ لە ساڵی 1992دا. رووداوەكان بووە شۆك لە ئیتاڵیا، لە ئاكامیدا هەڵمەتێكی ئەمنی و هەڵكوتانەسەر دژ بە (كوزا نوسترا) ئەنجامدرا.

سەدان كارمەندی پۆلیس بە درێژایی ساڵانی رابردوودا لە گەڕاندا بوون بەدوای دینارۆ بەبێ ئەوەی ئەنجامێكیان هەبێت. تەنانەت لە هەڵمەتەكاندا ژمارەیەك لە نزیكەكانی گیران، لەنێویشیاندا پاتریسیا-ی برای لە ساڵی 2013دا، بەڵام نەبووە هۆی هیوای سەركەوتن بەسەر ئەو گروپە مافیایەدا كە تاوانی مەترسیداری ئەنجامدەدا.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (گاردیان) هەڵهاتنی دینارۆ لە پۆلیس بەدرێژایی 30 ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خاوەن جەماوەر و لایەنگرێكی زۆر بووە لە ناوچەكەیدا. هەموو ئەو كەسە نزیكانەی بە درێژایی ساڵانی رابردوو دەستگیركراون، هیچ زانیارییەكیان لەسەر سەركردەكەیان نەدركاندووە.

دینارۆ، وەك سەركردە مافیاكانی دیكەی ئیتاڵیا نەبوو، كە گەشتی دەرەوەی ناوچەكەی بكات یان بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی بچێت، وەك ئەوەی جیاكۆمۆ دی جیرۆلامۆ-ی نوسەری ژیاننامەی دینارۆ ئاماژەی پێدەكات.

دەشڵێت، سامانە زۆرەكەی دینارۆ لە وەبەرهێنانیدا بووە لە بواری وزە و پاشەڕۆدا، بەجۆرێك توانیویەتی دزەبكاتە ناو حكومەتی خۆجێییەوە و گرێبەستەكانی بونیادی باڵەخانەكان و كاروبارە گشتییە گرنگەكان داگیربكات، سەرەڕای بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر.

دینارۆ تەنها تێوەگلاو نییە بە كوشتنی لێكۆلەران ڤالكۆنی و بۆرسیلینۆ، بەڵكو بەشداربووە لە هەڵمەتەكانی تەقاندنەوە لە ساڵی 1993دا كاتێك گروپە مافییاكەی چەندین شوێنی گرنگی رۆشنبیری و گەشتیاری لە میلانۆ، فلۆرنسا و رۆما كردە ئامانج وەك هەوڵێك بۆ ناچاركردنی دەوڵەت بە رەتكردنەوەی یاساكانی دژ بە مافیا توندەكان.

هەروەك تێوەگلاو بوو لە یەكێك لە تاوانە قێزەونەكان لە ساڵی 1993دا لەوكاتەدا كە هەڵمەتێكی ئەمنی دژ بە مافیای ئیتاڵی لەئارادابوو، دوای ئەوەی بەشداریكرد لە رفاندنی جوزیبی دی ماتیۆ-ی تەمەن 11 ساڵ، كوڕی پیاوێكی مافیا دوای ئەوەی رەزامەندی دا لەسەر شاهێدی لە دژی و كاركردن لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییەكان.

دینارۆ یەكێك بوو لەو گروپەی منداڵەكەی بە بەستراوی لە چەندین ناوچەی جیاوازی سقلییە-دا بۆ ماوەی دوو ساڵ هێشتەوە بۆ ناچاركردنی باوكی بە پاشەكشەكردن، بەر لەوەی بخێنكێندرێت و جەستەی لە ترشی كیمیاییدا شیبكرێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی دەستگیركردنی دینارۆ بەمدواییە بە سەركەوتن بۆ پۆلیس دادەنرێت، بەڵام هەندێك لە شارەزایان گومانیان لەبارەی گرنگییەكەی لە ئێستادا هەیە و دەڵێن، ئێستا سەرۆكی هەرێمییە لە مافیاكە و، بە سەرۆكی سەرجەم گروپەكە نەماوەتەوە.

بە بۆنەی دەستگیركردنەكەوە جۆرجیا میلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا خۆی گەیاندە سقلییە بۆ دەستخۆشیكردن لە هێزەكانی پۆلیس كە بوونەهۆی دەستگیركردنی دینارۆ و وتی، “لە جەنگەكەدا سەرنەكەوتووین و هێشتا شكستمان بە مافیا نەهێناوە، بەڵام ئەم جەنگەیان سەرەكی بوو بۆ هێنانەدی سەركەوتن، لێدانێكی توند بوو لە تاوانی رێكخراو”.

بابەتی پێشتر

هێڵێکی فڕۆکەوانیی ئەمریکا بەهۆی فڕین لە ئاسمانی عێراق سزادرا

بابەتی دواتر

سلێمانی.. رووداوەكانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانییان كەمیانكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share