گرنگیی گەرووى هورمز لە چیدایە و داخستنى چ کاریگەرییەکى لەسەر ئابوریی جیهان دەبێت؟

لەگەڵ ئەوەى تائێستا گرژیی زۆر رووى لە دابینکردنى نەوت لەسەر ئاستى جیهان نەکردووە، بەڵام هێرشەکانى سەر ئێران کە سەرەتا ئیسرائیل و دواتریش ئەمریکا ئەنجامیاندا نیگەرانى وەبەرهێنەرانى لێکەوتووەتەوە و ئەمەش نرخى نەوتى بەڕێژەى 10% بەرزکردووەتەوە، لەم نێوەندەشدا ترس لە پەکخستنى گواستنەوە لە گەرووى هورمزدا هەیە.

لە دیدگاى ئابوریی جیهانییەوە، هیچ شوێنێک نییە هێندەى گەرووى هورمز لەڕووى ستراتیجییەوە گرنگ بێت. ئەم رێڕەوە ئاوییە کە دەکەوێتە نێوان کەنداو و کەنداوى عومان، درێژییەکەى 21 میل (نزیکەى 33 کیلۆمەتر)ە لە تەنگترین خاڵیدا. تاکە رێگایە بۆ ناردنى نەوتى خام لە کەنداوى دەوڵەمەند بە نەوتەوە بۆ ئەودواى جیهان، ئێران دەسەڵاتى بەسەر بەشى باکوورى گەرووەکەدا هەیە.

نزیکەى 20 ملیۆن بەرمیل نەوت، واتە یەک لەسەر پێنجى بەرهەمی رۆژانەى جیهان، رۆژانە لەڕێى گەرووى هورمزەوە هەناردە دەکرێت، بەپێى کارگێڕیی زانیارییەکانى وزەى ئەمریکا (EIA)، کە گەرووەکەى بە “خاڵێکى خنکێنەرى زیندووى نەوت” ناوبردووە.

ئێوارەى دوێنێ، لە پاش هێرشەکانى ئەمریکا بۆسەر سێ دامەزراوەى ئەتۆمیی ئێران، نرخى نەوت بەرزبووەوە و گەیشتە سەروو 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کە بەرزترین نرخە لەماوەى پێنج مانگى رابردوودا، بەر لەوەى ئەمڕۆ بۆ نزیکەى 78 دۆلار داببەزێت.

رۆب سامیل، گەورە بەڕێوەبەر لە کۆمپانیاى “تۆرتۆیز کاپیتاڵ” بۆ وەبەرهێنانى وزە رایگەیاند، بەرزبوونەوەى زیاترى نرخى نەوت پشتدەبەستێت بە کاردانەوەى ئێران و وتى، “هەر پەکخستنێکى پێشبینیکراو لەو رێڕەوە ئاوییەدا کە لەژێر دەسەڵاتى ئێراندایە دەبێتەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ نزیکەى 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک”.

باسى لەوەشکرد، بەردەوامیی کارکردن لە گەرووى هورمز “زۆر پێویستە” بۆ دروست مانەوەى ئابوریی جیهان. ئەمەش دواى ئەوەى راوێژکارێکى دیارى عەلى خامنەیی، رابەرى باڵاى ئێران داواى داخستنى گەرووەکەى کرد.

تۆڕى سى ئێن ئێن لە زارى محەمەد عەلى شەعبانى، شارەزا لە کاروبارى ئێران و سەرنووسەرى ئاژانسى هەواڵى ئەمواج رایگەیاند، دەسەڵاتى جوگرافیی ئێران بەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییەى جیهاندا تواناى “دروستکردنى شۆکى لە بازاڕەکانى نەوت، بەرزکردنەوەى نرخى نەوت، زیادکردنى هەڵاوسان و هەرەسپێهێنانى ئەجێنداى ئابوریی ترەمپ”ى پێدەدات.

داخستنى گەرووى هورمز زیانى گەورە بە ئابوریی ئاسیا دەگەیەنێت کە پشت بە نەوتى خام و غازى سروشتى هەناردەکراو لێیەوە دەبەستێت. بەپێى خەمڵاندنەکانى کارگێڕیی زانیاریی وزەى ئەمریکى 84%ى نەوتى خام و 83%ى غازى سروشتیی شلى ساڵى رابردوو لەڕێى گەرووى هورمزەوە رەوانەى بازاڕەکانى ئاسیا کراون.

چین، گەورە کڕیارى نەوتى ئێران، تەنها لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا رۆژانە 5.4 ملیۆن بەرمیلى لەڕێى گەرووى هورمزەوە هاوردە کردووە، لەکاتێکدا هیندستان و کۆریاى باشوور 2.1 ملیۆن و 1.7 ملیۆن بەرمیلى رۆژانەیان کڕیوە، بەپێى خەمڵاندنەکانى ناوەندە ئەمریکییەکە. لە بەرامبەریشدا ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا تەنها 400 هەزار و 500 هەزار بەرمیل نەوتیان لە هەمان ماوەدا هاوردە کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share