یانەی بەرشلۆنە نزیکبووەتەوە لە ئاڵوگۆڕکردنی مێمفیس دیپای هۆڵەندی بە خواکین کۆرییا-ی یاریزانی یانەی ئینتەر میلان.
جێرارد ڕۆمیرۆی ڕۆژنامەنووس و شارەزای “مێرکاتۆ” بڵاویکردووەتەوە، یانەکانی بەرشلۆنە و ئینتەر میلان ڕەزامەندییان بەرامبەر بە واژۆکردنی گرێبەستی ئاڵوگۆڕی مێمفیس دیپای بە خواکین کۆرییا نیشانداوە.
بەپێی سەرچاوەکە، لە ئێستادا تەنها ڕەزامەندیی یاریزانە هۆڵەندییەکە ماوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
خواکین کۆرییا هێرشبەرێکی تەمەن (28) ساڵە و لە شێوازی یاریکردندا زۆر لە مێمفیس دەچێت، لە پێگەی هێرشبەری ژمارە (9) و لە باڵی چەپ توانای یاریکردنی هەیە.
ئەرجەنتینییەکە لەم وەرزەدا بەدرێسی ئینتەرەوە لە (21) یاریدا سێ گۆڵ و سێ ئەسیستی تۆمارکردووە، لە زۆرینەی یارییەکانیشدا لەسەر کورسی یەدەگ بووە.