عیزەت سابر: تەمەنی حكومڕانیی نادادپەروەر كورت دەبێت

عیزەت سابر رایدەگەیەنێت، پێویستە حكومڕانی لە هەرێم هاوسەنگ بێت و پڕۆژەكان بۆ سەرجەم ناوچەكان بێت، بەپێچەوانەوە حكومڕانیی نادادپەروەر تەمەنی كورت دەبێت و دەشڵێت، ئەوەی ئێستا یەكێتی دەیكات ستۆپكردنە بە پارتی و دەبوو زووتر بكرایە.

عیزەت سابر، پسپۆڕی ئابوری و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێكدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، پێویستە حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان هاوسەنگ بێت، پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم ناوچەكان بێت، داهات و بودجە و مووچە بە یەكسانی دابەشبكرێت و نادادپەروەری نەبێت، ئەگەرنا تەمەنی ئەو حكومڕانییەی كە بە ناعەدالەتی كاردەكات كورت دەبێت.

وتیشی، “ساڵی 2013 كە بودجە لە بەغدادەوە دەهات 14 ملیار دۆلار بوو، 12 مووچەی تەواو دراوە و سەدان پڕۆژەش دروستكراوە، بەڵام ساڵی 2019 داهاتی حكومەتەكەی خۆمان 15 ملیار دۆلاریش بووە، بەڵام چەند مووچەیەك نەدراوە و پاشەكەوت كراوە”.

عیزەت سابر ئەوەشی خستەڕوو، ساڵەكانی 2019، 2020 و 2021 تەنها 30 بۆ 35%ی داهاتی نەوت بۆ خەڵك ماوەتەوە، 65%ی رۆیشتووە بۆ كۆمپانیاكان.

“ئێمە سەروەت و سامانمان زۆرە، ئاومان هەیە، خاكمان هەیە، غازمان هەیە، گازمان هەیە و كارەبامان نییە” وەك ئەوەی ئەو پسپۆڕە ئاماژەی پێدا و وتی، “ساڵی رابردوو هەموو مانگێك داهاتی حكومەتی هەرێم ملیارێك دۆلار بووە، بەڵام پڕۆژە نییە، بودجە نییە، بانكەكمان پارەی تیانییە و خەڵك ناتوانێت سلفە وەربگرێت”.

ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، “ئەوەی ئێستا یەكێتی كردوویەتی وەك ئەوەیە ستۆپێك بە برادەرانی پارتی بكەیت پێی بڵێیت تەنها هەر ئێوە نین حكومڕانن لە هەرێمدا، ئێمەش هەین، خەباتمان كردووە، قوربانیمان داوە شەهیدمان داوە، بۆ ئەوەی بەرهەمەكەی ئەم خەڵكە بیخوات”.

دووپاتیشیكردەوە، ئەم ستۆپە ئەبوایە چەند ساڵێك پێشتر بكرایە، دەبێت برادەرانی پارتی باش تێبگەن لەوەی كە تەنها حكومڕان هەر ئەوان نین.

بابەتی پێشتر

(فیفا) لێکۆڵینەوە لە مارتینێز و ئەرجەنتین دەکات

بابەتی دواتر

کلاسیکۆ.. چاڤی بەم شێوەیە ڤینیسیۆز ڕادەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share