مامۆستایانی ئایينیی هەولێر هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەپێناو یەكڕیزی و سەقامگیری بەرزدەنرخێنن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازی لە هەریەک لە مامۆستایانی ئایينی مەلا شێخ مەزهەر خوراسانی، حەکیم روستایی، سابیر گرتکی و عوبێد جاوەکە کرد.
لە دیدارێکدا کە فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، ئەندامی سەرکردایەتی ئامادەيبوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵی مامۆستا و زانایانی ئایينی کرد لە قوڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان لەناو کۆمەڵگەدا و رایگەیاند، لە مێژووی کوردستاندا مامۆستایانی ئایينی رۆڵێکی گرنگیان لە پەرەپێدانی گیانی تەبایی و برایەتیدا بینیووە. بەشداریی گرنگیان هەبووە لە رەتکردنەوەی بیری توندڕەوی و چەسپاندنی رۆحی چاکەخوازیدا، بۆیە هیوادارین بە هەمان رۆحیەتەوە لەو پێناوەدا بەردەوامبن و سیماکانی تەبایی و پێکەوەژیان لە کوردستانە خۆشەویستەکەمان گەشتر بکەن.
مامۆستا شێخ مەزهەر خوراسانی ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکى یەکێتی کرد لە بەرامبەر هەنگاوەکانی بۆ یەکڕیزيی ناو ماڵی کورد و یەکخستنی هەوڵەکان لەپێناو سەقامگیریی کوردستاندا. وتیشی، هەنگاوەکەی سەرۆک بافڵ بۆ داخستنی ئەو شوێنانەی دوورن لە ئاین، ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردییەوە جێگەی دەستخۆشییە و هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی پاراستنی بەها بەرزەکانی کوردەواری.
داواشیکرد، یەکێتی وەک هەمیشە لە سەنگەری بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک بەردەوامبێت و بەردەوامی بەو هەنگاوە نیشتمانییانە بدات کە لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک و چاکەی گشتیدا گرتوویەتيەبەر.