جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی ڕاژە پڕۆژەیەك بۆ پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و دەشڵێت، “ئەگەر پلەبەرزكردنەوە دەستپێنەكاتەوە شایستەی دارایی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران زیاتر لەسەر حكومەت كەڵەكە دەبێت”.
عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “تائێستا بڕیاری كۆتایی لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران نەدراوە و بەپێی بەدواداچوونەكانمان ئەنجومەنی ڕاژە بە نیازە پڕۆژەیەكی تایبەت بە پلەبەرزكردنەوە بنێرێتە ئەنجومەنی وەزیران و ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە لە پڕۆژەكە بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەكە جیاكاری ناكرێت وەك ئەوەی پێشتر بڵاوكراوەتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ناكرێت پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێنەكاتەوە كە دواجار شایستەی دارایی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران زیاتر لەسەر حكومەت كەڵەكە دەبێت، بۆیە ئێمە داوای دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانمان كردووە.