راپۆرتێكی نوێ ئاستی ئەو زیانانە ئاشكرادەكات كە بەهۆی كارەساتە سروشتییەكانی پەیوەندیدار بە ئاووهەوا لە ساڵی 2022دا روویانداوە وەك وشكبوونەوە، لافاو، گەردەلول و باهۆز.
رێكخراوی (Christian Aid) لیستی 10 زیانبەخشترین كارەساتی ژینگەیی لە ساڵی 2022دا لە رووی زیانی مادی دیاریكردووە كە ئاستی زیانەكانیان لە نێوان سێ بۆ 100 ملیار دیناردایە.
گەردەلولی ئییان – 100 ملیار دۆلار
گەردەلولی ئییان كە لە پلەی چوارەم ریزبەند كراوە زیانی گەورەی بە رۆژئاوای كوبا و باشووری رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەكگرتووەكان گەیاند.
گەردەلولەكە بە درێژایی حەوت رۆژی كۆتاییەكانی مانگی 9 روویدا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 150 كەس و دەربەدەربوونی 40 هەزار.
وشكبوونەوە لە ئەوروپا- 20 ملیار دۆلار
ئەو وشكبوونەوەیەی لە هاوینی ساڵی 2022 روویدا بە خراپترینی لەو جۆرە لە ئەوروپا دادەنرێت لەماوەی 500 ساڵی رابردوودا، كاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراك، وزە، بەردەستبوونی ئاو و ژیانی وشكانی دروستكرد، بووەهۆی ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكان و لەناوچوونی بەروبومی كشتوكاڵی.
لافاوەكانی چین- 12.3 ملیار دۆلار
لە حوزەیرانی رابردوو، باشووری چین رووبەڕووی بەهێزترین بارانبارین لە ساڵی 1961ەوە بووەوە، بووە هۆی روودانی لافاو و داڕمانی زەوی، سەدان هەزار كەسی ناچاركرد شوێنی نیشتەجێبوونیان چۆڵبكەن.
وشكبوونەوە لە چین- 8.4 ملیار دۆلار
لە كۆتاییەكانی مانگی ئاب، چین رووبەڕووی توندترین بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای هاوین بووەوە، كە لەوەتەی پەككین دەستی بە تۆمار و بەدواداچوونی پلەكانی گەرما كردووە لە ساڵی 1961ەوە بەرزترین بوو. لەگەڵ زیاتر لە 70 رۆژی بەرزیی پلەی گەرما و كەمبوونەوەی بارانبارین و كاریگەری خراپی كردەسەر حەوزی رووباری یانگتسی، كە ئاو بۆ زیاتر لە 450 ملیۆن كەس دەستەبەردەكات.
لافاوەكانی رۆژهەڵاتی ئوسترالیا- 7.5 ملیار دۆلار
لە كۆتاییەكانی شوبات تا ئازار، ویلایەتەكانی رۆژهەڵاتی ئوسترالیا رووبەڕووی لافاو بوونەوە و لە ئاكامدا 27 كەس گیانیان لەدەستدا و 60 هەزار كەسیش ئاوارەبوون.
لافاوەكانی پاكستان- 5.6 ملیار دۆلار
لە ناوەڕاستی حوزەیرانەوە تا ئەیلول، لافاو بووەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار و 700 كەس و ئاوارەبوونی حەوت ملیۆن كەس لە پاكستان.
باهۆزی یونیس- 4.3 ملیار دۆلار
بە درێژایی 5 رۆژ لە شوباتدا، باهۆزی یونیس بووەهۆی وێرانكارییەكی گەورە لە بەلجیكا، ئەڵمانیا، ئێرلەندا، هۆڵەندا، پۆڵەندا و بەریتانیا، هەروەك گیانلەدەستدانی حەوت كەسی لێكەوتەوە.
شانشینی یەكگرتوو رووبەڕووی بایەكی بەهێز بووەوە كە خێراییەكەی 122 میل بوو لە كاتژمێرێكدا، بەهێزترین بوو لەماوەی 30 ساڵدا.
وشكبوونەوە لە بەرازیل- 4 ملیار دۆلار
بەرازیل بە درێژایی زۆرینەی كاتەكانی ساڵی 2022 بەدەست وشكبوونەوەوە ناڵاندی، لە ئاكامیدا ئاستی رووباری ئەمازۆن دابەزی.
گەردەلولی فیونا- 3 ملیار دۆلار
گەردەلولی فیونا ناوچەی دەریای كاریبی و كەنەدای لە بەشی كۆتایی مانگی ئەیلولدا گرتەوە، بووەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 25 كەس و ئاوارەبوونی 13 هەزار كەس، لانیكەم چوار فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی داخران، سەرەڕای ژمارەیەك رێگاوبان.
لافاوی كوازۆلۆ ناتال و ئیسترن كیپ، باشووری ئەفریقا- 3 ملیار دۆلار
بە درێژایی هەفتەیەك لە مانگی نیساندا، بووەهۆی گیانلەدەستدانی 459 كەس و دەربەدەربوونی زیاتر لە 40 هەزار لە ماڵەكانیان. دیربان داخرا، یەكێك لە پڕ جوڵەترین بەندەرەكانی باشووری ئەفریقا.
س: سكای نیوز