بەڕێوەبەرێتیی هاتوچۆی دەربەندیخان دەڵێت، شۆفێرێكیان رەوانەی دادگا كردووە كە بە نایاسایی كۆنتێنەری بەناو تونێلی دەربەندیخاندا بردووە و زیانی بە تونێلەكە گەیاندووە.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرێتیی هاتوچۆی دەربەندیخان كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و سەلامەتیی شۆفێران و هاوڵاتییان، ئاگادارییان بڵاوکردەوە کە شۆفێرانی کۆنتێنەرەکانی گواستنەوەی ئاسن و سکراب دەبێت کۆنتێنەرەکانیان نوێبکەنەوە و قەدەغەیان کرد بەناو تونێلدا تێبپەڕن، هەندێکیان پابەندنابن و لە کاتەکانی درەنگانی شەودا بەناو تونێلەكەدا تێدەپەڕن.
هاتوچۆی دەربەندیخان رایگەیاندووە، “ئاگادارکراینەوە یەکێك لە کۆنتێنەرەکان بەناو تونێلەکەدا هاتووەتەوە و بەو شێوەیەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن، لاکانی تونێلی خراپکردووە، دوای بەدواداچوونمان توانیمان دەستبەسەر ئەو بارهەڵگرەدا بگرین و شۆفێرەکەی رەوانەی دادگا بکەین”.
بەڕێوەبەرێتیی هاتوچۆی دەربەندیخان، هۆشداری بە شۆفێران دەدات و دەڵێت، “بۆ جارێکی تر ئاگاداریان دەکەینەوە تا کۆنتێنەرەکانیان نوێنەکەنەوە و دڵنیانەبین لە سەلامەتی و توندوتۆڵی و بەرزیی یاسایی، ئەوا بە هیچ شێوەیەک رێگەیان پێنادەین و ئەوەشی گوێڕایەڵ نەبێت، دوای رێکەوتی 5ی 1ی 2023 لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکەین و رەوانەی دادگایان دەکەین”.