بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی دهۆک بڵاویکردەوە، ژنێکی تەمەن 22 ساڵ بە سکێک چوار منداڵی بووە کە سەرجەمیان لە رەگەزی نێرن.
د. رێژین سلێمان پزیشکی ژنان و منداڵبوون لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، “دوای ئەوەی ژنێکی دووگیان گەیەندرایە نەخۆشخانە و لە هەفتەی 27ی دووگیانیدابوو لە دوای ئەنجامدانی پشکنین بڕیارماندا نەشتەرگەری بۆ بکەین”.
وتیشی، “لە نەشتەرگەرییەکەدا ژنەکە چوار منداڵی بوو، کە سەرجەمیان کوڕ بوون، کێشیان لە نێوان کیلۆیەک بۆ کیلۆ و 500 گرامدایە و تەندروستیان جێگیرە، تەندروستی دایکیشیان بەهەمان شێوە تەندروستی باشە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ژنەکە تەمەنی 22 ساڵ بووە و دانیشتووی ناوچەی خانکێ بووە، ماوەی چوار ساڵ بووە هاوسەرگیری کردووە بەڵام منداڵی نەبووە و پێشتر دەرمانی دووگیانبوونی بەکارهێناوە”.