بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایدەگەیەنێت، بۆ ساڵی داهاتوو 12 بەشەخۆراك دابەشدەكرێت و دەشڵێت، “وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێشنیازی بۆ حكومەت كردووە كە چا و شیر بۆ بەشەخۆراكی مانگانە زیادبكرێن”.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار كاتییە و پەیوەندی بە خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕدا هەیە و تەنها لە عێراقدا گۆڕانكاری لە نرخی دۆلاردا هەیە و جیهانی نییە، هەر بۆیە كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی شمەك و ماددە خۆراكییەكان لە هەرێمی كوردستان نەبووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لەسەر ئاستی حكومەتی عێراق و وەزارەتی بازرگانیی عێراق كاركراوە كە ساڵی داهاتوو 12 بەشەخۆراك زیادبكرێت لە كاتێكدا كە ئەمساڵ 11 بەشەخۆراك دابەشكراوە.
ئاشكراشیكرد، پێشنیازكراوە بۆ ساڵی داهاتوو چا و شیر بۆ بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان زیادبكرێت كەپێشنیازەكە لە وەزارەتی بازرگانییەوە دەخرێتە بەردەم حكومەتی عێراق و دەنگی لەسەر دەدرێت و دواتر دەنێردرێتە پەرلەمان كە دەبێت بودجەی بۆ تەرخانبكرێت و پەسەندبكرێت.