ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی-چینی بەغدادی بەرەو ریاز بەجێهێشت.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، “بە سەرۆکایەتی شاندێکی عێراقی سودانی بەغدادی بەرەو ریازی پایتەختی سعودییە بەجێهێشتووە بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی-چینی”.
بڕیارە سبەی هەینی، لە ریازی پایتەختی سعودییە، لوتکەی عەرەبی-چینی بە بەشداری شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین و سەرۆکی 16 دەوڵەتی عەرەبی بەڕێوەبچێت.
پێشتر سودانی لە وتارێکدا رایگەیاندبوو، ” لوتکەی عەرەبی-چینی لە کاتێکدایە جیھان رووبەڕووی کۆمەڵێک گۆڕانکاری سیاسی و ئابوری گەورە بووەتەوە کە ھاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی عێراق بە قۆناغێکی سیاسی سەخت، بەشداریکردنمان لە لوتکەکەدا دەکەینە دەرفەتێک بۆ خستنەرووی دیدگای نوێی حکومەتی عێراق بۆ ئابووری، کە بوارێکی فراوان دەڕەخسێنێت بۆ ھاوکاری و وەبەرھێنانی ھاوبەش بۆ سەرجەم وڵاتانی بەشداری لوتکەکە”.