کازمی: پشتیوانیی هەوڵەکانی پێشمەرگە لە به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆردا دەكەم

ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و هێرشەكانی داعش و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان تاوتوێكرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا گفتوگۆیانكردووە لەبارەی “هەڕەشە ئەمنییەكان و دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاوڵاتییان كە بوونەهۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و هاوڵاتى.”

“کازمی جەختیكردووەتەوە لە پشتیوانیی تەواوی هەوڵەکانی پێشمەرگە لە به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆردا، لەگەڵ هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزە چەکدارەکانی عێراقدا به‌ سوپا و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تریشەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی نێوان هەردوولا كە بۆشایی ئەمنییان تیادان”، وەك ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیكردەوە لەوەی كە پێویستە کاری لیژنە هاوبەشەکانی هەماهەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە چالاکبكرێت بەمەبەستی بەرپەرچدانەوە و ڕاوەدونانی پاشماوەکانی داعش و بنەبڕکردنیان کە لەسەر عێراق و کۆی ناوچەکە بوونه‌ته‌ مه‌ترسى.

ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد، تەواوی ئاماده‌يى هەرێمی کوردستانيشى بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقییەکاندا دووپاتكرده‌وه‌ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.”

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share