ویلایەتە یەكگرتووەكان بەدەست لەدەستدانی زۆری ماددە خۆراكییەكان بەنزیكەی 40%ی كۆی خۆراكی ساڵانەی دەناڵێنێت، توێژەران دەڵێن لەدەستدانی ئەو بڕە زۆرەی خۆراك دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی 10%ی كۆی گازە گەرمهێنەرەكان لە جیهاندا.
ویلایەتە یەكگرتووەكان رووبەڕووی قەیرانێكی گەورە دەبێتەوە كە خۆی لە لەدەستدانی زیاتر لە پێنج ملیار تۆن یان 40%ی خۆراكی ساڵانەدا دەبینێتەوە.
ئەو لەدەستدانەی خۆراك لەكاتێكدایە بەشێكی بەرچاوی جیهان بەدەست بەرزیی نرخی خۆراك یان دژواریی بەردەستبوونیەوە دەناڵێنن. جگە لەوەی كاریگەریی گەورەی ژینگەیی هەیە سەرەڕای دروستكردنی گرفت لە ئاسایشی خۆراكی جیهانی و لەدەستدانی دارایی.
پشكی گەورەی پاشماوەی خۆراك لە كۆگاكانی میوەفرۆش یان خواردنگە و كارگەكانەوە نییە، بەڵكو لە چێشتخانەی ماڵانی بەكاربەرانەوە وەك ئەوەی سایتی ئیكسیۆس بڵاویكردووەتەوە.
نزیكەی 10%ی خێزانە ئەمریكییەكان -یان نزیكەی 13.5 ملیۆن كەس- لە ساڵی 2021ەوە بەدەست لەدەستدانی ئاسایشی خۆراكەوە دەناڵێنن. لەكاتێكدا ئەو خۆراكەی دەكرێت ببەخشرێتە ئەوانەی پێویستیانە، لەدەستدەدرێت بەبێ ئەوەی سوودی لێوەربگیرێت بە پێدانی بەو كەسانە.
خێزانە ئەمریكییەكان ساڵانە نزیكەی 1900 دۆلار لەو خۆراكانەدا خەرجدەكەن كە نایخۆن، وەك ئەوەی لە توێژینەوەیەكدا هاتووە كە لە گۆڤارێكی ئەمریكی تایبەت بە ئابوریی كشتوكاڵی بڵاوكراوەتەوە.
شارەزایانی ئابوریی كشتوكاڵی و خۆراكی رێنوێنی دەكەن بە زۆر ئاگاداربوون لەوەی دەیكڕین لەكاتی بازاڕكردندا، تا زیادەڕەوی نەكرێت لە كڕیندا و دواجار ناچاری فڕێدانی زیادەكەی نەبین، هەروەها پلاندانان بۆ ژەمەكان و هەڵگرتنی خۆراكی ماوە لە ساردكەرەوەدا، هەوڵدان بۆ ئەوەی پاشماوەی خۆراك بگۆڕدرێت بۆ پەین و سوودلێوەرگرتنی بۆ ئەوانەی سەرقاڵی چاندن و كشتوكاڵكردنن لەناو ماڵدا.