بافڵ جەلال تاڵەبانی: کۆبونەوەکەی دوکان سەلمێنەری ئەوە بوو کە لەگەڵ یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییداین

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێم رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی دوکان سەلمێنەری ئەو راستییە بوو کە ئێمە لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کورد و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتین لەم قۆناغە هەستیارەدا.

ئەمڕۆ دووشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە ئۆلیڤیێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان و لە دیدارێکدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە هاوینەهەواری دوکان و هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە ماڵی مام لە بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەردەوامی گفتوگۆ نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و هەنگاونان بە ئاڕاستەی سەقامگیری و تەبایی لەنێوان لایەنەکاندا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی هەرێم و کۆبوونەوەکەی هاوینەهەواری دوکانەوە وتی، “کۆبوونەوەکە سەلمێنەری ئەو راستییە بوو کە ئێمە لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کورد و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتین لەم قۆناغە هەستیارەدا، یەکێتی باوەڕی تەواوی بە هاوبەشیی راستەقینەیە و دەمانەوێت لەگەڵ هێزە کوردییەکان بگەینە پرۆژەیەکی نیشتمانیی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان، کە ئەمەش لە خزمەت بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم دەبێت”.

هاوکات کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆی لەبارەوە کرا و سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە خاڵە ئەرێنییەکانی کۆبوونەکە کرد و ئاماژەی بەوە کرد، “کۆبوونەوەکە هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و گرفتە سیاسییەکانی تر لە عێراقدا، خۆشبەختانە ئەو ئامانجەمان لە ماڵی مام بەدیهێنا و گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی گفتوگۆ و رێککەوتنەکان لەسەر بنەمای دەستوور بکرێن”.

وتیشی، “کۆبوونەوەکە جەختی لە پشتیوانیی هێز و لایەنەکان کردەوە بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی نوێ، چەسپاندنی دادوەری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بڕیاریشدا کۆبوونەکان درێژەی هەبێت لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و هێنانەدی ئامانجە باڵاکان”.

‌‎

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نێچیرڤان بارزانی: ئاماده‌ى پێشكه‌شكردنى هه‌موو هاوكارییەکین به‌مه‌به‌ستى راگرتنى شه‌ڕ

نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیەنێت، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ پێويسته‌ مافى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان له‌ سوريا پارێزراو بن. نێچیرڤان…
Total
0
Share