دوایین زانیاری لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری

لێپرسراوی راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە خولی راهێنان بۆ ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە فۆڕمیان بۆ دامەزراندن لە کەرتی تایبەت پڕکردووەتەوە و سەرەتاش پرۆسەکە لەو شوێنانەوە دەست پێدەکات لە لۆدیان کەم لەسەرە.

هیوا عەلی لێپرسراوی راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “پاڵپشت بە یاسای ژمارە 20 ی ساڵی 2021 ی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی لە کەرتی تایبەت، هەروەها ئاماژە بە رێنمایی ژمارە 4 ی تایبەت بە جێبەجێکردنی ئەم یاسا و رێنمایی و رێکارانە، وەزارەتی کشتوکاڵ دەرفەتی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری راگەیاند و لیژنەیەکی باڵای تایبەتمەندی بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنا، ئێمە لە راستیدا هەستمان کرد نزیکەی پێنج بۆ شەش هەزار دەرچوو فۆڕم پڕبکەنەوە، بەڵام دواتر ژمارەی ئەو کەسانەی فۆڕمیان پڕکردەوە گەیشتە سەروو 11 هەزار دەرچوو”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “راستە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بەڵام هێشتا ناتوانرێت دەرفەتی کار بۆ هەموو لەم دەرچووانە دابینبکرێت، بەڵام گەر بتوانرێت دەرفەتی کار بۆ بەشێکیشیان دابینبکرێت”.

باسی لەوەش کرد، “لە مانگی داهاتووەوە، وەک ئەوەی لە رابردوودا بڕیاری لێدرابوو، خولی راهێنانی تیۆری و پراکتیکی بۆ ئەو کەسانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە لە چێوەی پسپۆڕی خۆیاندا دەکرێتەوە، سەرەتا لەو شوێنانەوە کە لۆدیان کەمتر لەسەرە دەستپێدەکەین بۆ نموونە لە راپەڕین و سۆران و چەند شوێنێکی دیکە”.

ئاشکراشی کرد، “ئەمە پرۆژەیەکی گەورەی وەزارەتی کشتوکاڵە، یەکەمجارە بە کارێکی وا گەورە هەڵبستین جێبەجێکردنی کاتی پێویستە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری کشتوکاڵ سوورە لەسەر جێبەجێکردنی و خۆی بەردەوام سەرپەرشتی کارەکانی ئەو لیژنەیە دەکات کە بەو کارە راسپێردراون”.

 

بابەتی پێشتر

پەیوەندییەکانی عێراق: کەمکردنەوەی کرێی ئینتەرنێت هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دەبێت جێبەجێی بکەن

بابەتی دواتر

چاڤی بۆ چاودێریکردنی یاریزانێک گەیشتە قەتەر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share