شاندێكی حكومەتی هەرێم بەرەو بەغداد بەڕێكەوت و وتەبێژی حكومەت دەڵێت، تاوتوێی ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 دەكەن.
ئەمە یەکەم شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ناوەند بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەردانى بەغداد دەکات.
شاندەکە لە وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت.
جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، سەردانەكە بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی هاوڵاتییانى هه‌رێمی كوردستانە وه‌ك له ده‌ستووردا هاتووه. به‌رنامه‌یان ئه‌وه‌یه كۆبوونه‌وه له‌گەڵ وه‌زاره‌تی دارایی حکومەتى عێراق بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكرێت بۆ نووسینه‌وه‌ی پڕۆژەیاسای بودجه‌ی 2023.
دەربارەی ئەوە ئایا لەسەر ئەو پرسە هیچ رێککەوتنێکى پێشوەختە هەیە؟ جوتیار عادل وتی، “له چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی هێز و لایه‌نه سیاسییە‌كانی عێراق كردیان و له ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر درا، ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه بن كه بابه‌تی بودجه‌یه”.
سەبارەت بەوەی رێژەى بودجەى رێککەوتن لەسەرکراو چەندە؟ ئەوەی خستەڕوو، “به‌پێی شایسته‌ی هه‌رێمی كوردستان، 17%یە، به‌ڵام به‌پێى دوایین سه‌رژمێریی چاوه‌ڕوانكراوی وه‌زاره‌تی پلاندانی عێراق 14%ـیە، ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ژمارانه كاربكه‌ین”.