مۆندیال لە “هەینیی رەش”ی بردەوە

خاوەن كۆگا و دوكانە تاك فرۆشەكان لە ئەوروپا چاوەڕوانی ئەوەبوون داشكاندنەكانی “هەینیی رەش- Black Friday” كڕیاران بەرەو شمەكەكانیان پەلكێش بكات، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی قەیرانی گرانی و سەرقاڵبوون بە تەماشاكردنی یارییەكانی جامی جیهانیی تۆپی پێوە ئەو خۆزگەیەیان نەهاتەدی.

خاوەن دوكانەكان ترسیان هەیە فرۆش لەماوەی رۆژانی جەژنی لەدایكبوون و سەری ساڵدا خراپتر بێت.

هەڵاوسان، كە پێنوێنییەكەی چووەتە خانەی دەیانەوە، هێزی كڕینی لای بەكاربەران كەمكردووەتەوە، متمانەشیانی بە بارودۆخەكە بۆ كەمترین ئاست دابەزاندووە، لەكاتێكدا خەرجی وزە و سووتەمەنی و پێویستییەكانی ژیان بەپێچەوانەوە روو لە بەرزبوونەوەیە.

بۆ رێكخستنی كاروباری رۆژانەیان، هەندێك لە بەكاربەران بازاڕیكردنیان بۆ بۆنەكانی لەدایكبوون و سەری ساڵی نوێ پێشخت و هەلی (Black Friday)یان قۆستەوە.

لەكاتێكدا زۆرینەیان پێدەچێت كاری دیكەیان كردبێتە پێشینە، بەتایبەت بەهۆی بەشداریی وێڵز، ئینگلتەرا، هۆڵەندا و پۆڵەندا لە یارییەكانی رۆژی هەینیی جامی جیهانی.

توێژینەوەیەك كە (گلۆبال داتا) بۆ (فاوچەر كۆدز) ئەنجامیداوە پێشبینی دەكات بەریتانییەكان 8.7 ملیار پاوەن (15.5 ملیار دۆلار) لە پشووی كۆتایی هەفتەدا خەرجدەكەن كە داشكاندنەكانی هەینیی رەش دەیگرێتەوە لە 25 تا 28ی تشرینی دووەم كە دەكاتە زیادبوون بەڕێژەی 0.8% لەسەر بنەمای ساڵانە، بەڵام بە پاشەكشەیەكی گەورە لە قەبارەی خەرجی دادەنرێت، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسان.

هاوكات سایتی (ئیدیلۆ)ی ئەوروپی تایبەتمەند بە بەراوردكردنی نرخەكان دەڵێت، 65%ی كڕیارانی ئیتاڵی لەڕێی ئینتەرنێتەوە ئامادەن بۆ كڕینی لانیكەم یەك بەرهەم لەماوەی ئەو داشكاندنانەدا.

لە فەرەنساش، توێژینەوەیەك كە (برایس وۆتر هاوس كوبەرز) ئەنجامیداوە، ئاماژە بەوەدەكات كە 70% حەز بە بازاڕكردن لە هەینیی رەش و دووشەممەی ئینتەرنێتدا دەكەن، كە رۆژی دووشەممەی دوای پشووی رۆژی سوپاسگوزارییە لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا.

بابەتی پێشتر

تاڵیبان بۆ ژنانی وڵاتەکەی: نە کار نە خوێندن و تەنانەت نابێت بچنە ناو پارکەکانیش

بابەتی دواتر

تایبەتە بە چارەسەری جەڵتەی مێشك<br> بەشێكی نوێ لە نەخۆشخانەی شار كرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share