بارودۆخی عێراق بازاڕی ئۆتۆمبێلی لە هەرێم سست كردووە

بارودۆخی ناسەقامگیری عێراق كاریگەری لەسەر بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دروستكردووە، مامەڵەكاران دەڵێن، بەشێكی گەورەی جوڵەی بازاڕ لەسەر كڕیارانی ناوەڕاست و باشوورە و هاتنی ئەوانیش بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە.

لێكەوتەكانی ناكۆكیی لایەنەكانی عێراق لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ، تەنها لەسەر بارودۆخی سیاسی نییە، بەڵكو لەڕووی ئابوریشیەوە كاریگەری لێكەوتووەتەوە و بازاڕە جۆربەجۆرەكانی بەرەو سستی و لاوازی بردووە، ڕەنگدانەوەشی لە هەرێمی كوردستان دەركەوتووە.

یەكێك لەو بازاڕانەش كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە كە مامەڵەكاران بە نیمچە مردوو ناویدەبەن.

ئومێد حاجی مەحمود مامەڵەكاری ئۆتۆمبێل لە پێشانگای جنگیان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئیشوكاری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل كزە، ئەوەی هەیە كڕیاری ناوخۆیە، لەكاتێكدا ماڵەی خێرا بە كڕیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەندە.

وتیشی، “ماوەی نزیكەی ساڵێكە هاتنی كڕیارانی عەرەب كەمیكردووە و كاریگەرییەكەشی لەسەر بازاڕی ئێمە بە ڕوونی دەركەوتووە”.

ئەو مامەڵەكارە ئەوەشی وت، هەركاتێك بارودۆخی عێراق سەقامگیربێت، جموجوڵێكی گەورە لە بازاڕدا دەبێت، ئێستا دواكەوتنی حكومەت و ناكۆكی هێزە سیاسییەكان بەڕوونی لە بازاڕ و مامەڵەدا ڕەنگیداوەتەوە.

نەورۆز حەسەن یەكێكی دیكەیە لە مامەڵەكارانی ئۆتۆمبێل لە پێشانگای تارای نوێ، ئەو بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئیشوكار نەماوە و كەس پارەی پێنییە، بەبێ بوونی كڕیاری عەرەب بازاڕ خۆڵی مردووی پیاكراوە”.

نمونەی ئەوەشی هێناوە پێشتر لە مانگێكدا چوار بۆ پێنج ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە، بەڵام ئێستا ئۆتۆمبێلی هەیە وەك خۆی دەڵێت، “حەوت مانگە لەویادا كەوتووە” و كڕیاری نییە.

نەورۆز ئاماژەی بەوەشكرد، نزیكەی ساڵێكە بازاڕ بەوجۆرەیە و مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بەڕێژەی 80% كەمیكردووە.

سەرەڕای بارودۆخی ناوخۆیی، دۆخی پاش بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، هەروەها شەڕی ڕوسیا و ئۆكرانیاش كاریگەرییان لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێل دروستكردووە.

ئومێد حاجی مەحمود وتی، “هێنانی ئۆتۆمبێلی سفر كیلۆمەتر زۆر كەمبووە، هێنانی ئۆتۆمبێلی دەعمكراویش كەمبووەتەوە، بەهۆی ئەوەی پێشتر ڕێگە بە هێنانی هەموو جۆرێك دەدرا، بەڵام ئێستا ئەوانەی لافاو، شانسی بڕاوە و تەقینی ئێرباگی هەبێت ڕێگە بەهاوردەكردنیان نادرێت و ژمارە ناكرێن”.

ڕوونیشیكردەوە، لەدوای ئەو زیانەی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە بە كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل كەوت، لەوكاتەوە دروستكردنی ئۆتۆمبێل لەلایەن كۆمپانیاكانەوە كەمیكردووە، ئەوان ئێستا لەسەر ژمارە و خواست ئۆتۆمبێل بەرهەم دەهێنن.

ئەو مامەڵەكارە ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر كۆمپانیاكان بە لێشاو ئۆتۆمبێلیان دروستدەكرد، پاشان كۆمپانیا گەورەكان هاوردەی هەرێمیان دەكردن، بەڵام لەئێستادا پێویستە ئەو كۆمپانیایانە پێشتر جۆر و ژمارەكەی بە كۆمپانیای بەرهەمهێن بدەن و پێشتریش پارەكەی ڕەوانە بكەن.

كە بەوتەی ئەو زیانەكانی سەردەمی كۆرۆنا، هەروەها گرانبوونی ماددە سەرەكییە پێویستەكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە سایەی شەڕی ئۆكرانیاوە هۆكاری سەرەكیی ئەو دۆخەن لە بازاڕی ئۆتۆمبێلدا.

بابەتی پێشتر

هەولێر.. تۆمەتبارێكی داواكراو دەستگیركرا

بابەتی دواتر

کەسێک دەستگیرکرا ناوەندێکی بۆ پەرەپێدان و ڕاهێنانی داعش هەبووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لێبڕینی موچە هەڵگیرا

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لێبڕینی موچە  هەڵدەگرن و موچەی ئەم مانگە بێ لێبڕین دابەشدەکەن. لە…
Total
0
Share