لە دوای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی کەرکوک جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو لایەنانە ئاماژە بەوەدەکەن کە لەهەر کاتێک زیاتر پێویستیان بە هەماهەنگی نێوانیان هەیە.
دوێنێ 6ی کانونی یەکەم، لایەنە کوردییەکانی کەرکوک کۆبوونەوە و لە دوای کۆبوونەوەکەش محەمەد عوسمان، بهرپرسی مەڵبەندی دووی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان ڕایگەیاند، “پیشتر سەردانی بەغدادمان كرد و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگمان كرد، بەڵام هیچ بڕیارێكمان نەدا بۆ ئەوەی ڕاو بۆچوونی لایەنە كوردستانییەكانی كەركووك وەربگرین و پێكەوە بڕیار لەسەر داهاتووی ئەم شارە بدەین چونكە ئێمە یەك ماڵ و یەك دەنگین لەكەركووك”.
ئاماژەشی بەوەکردووە، “ئێمە ئەزموونێكی زۆرمان هەیە و نەمانتوانیووە به تاكلایهنی ئیدارەی ئەم شارە بدەین، بۆیه ئەوە ئەزموونێكی شكستخواردووە و بۆ لەمەودوا دەمانەوێت بۆ سەرجەم پرسەكان هەموومان وەكو حزبە كوردستانییەكان لەگەڵ پێكهاتەی عەرەبی و توركمانی ئیدارەی ئەم شارە بدەین”.
هەر لەسەر ئەم پرسە سدیق ئەحمەد، لێپرسراوی ناوچەیی حزبی شیوعی کوردستان ڕایگەیاند، “، لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاری درووستكردنی لیژنەیەك درا بهمهبهستی سەردانیكردنی هەردوو پێكهاتەی عەرەبی و توركمانی و تا لەگەڵیان گفتوگۆی کراوە بکرێت سەبارەت بە دۆخی کەرکوک و بەڕێوەبردنی”.
بهپێی زانیارییهكان، لە كۆبوونەوهی حیزب و لایەنە كوردستانییەكان، هەریەك لە حیزبی شیوعی كوردستان، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانیی نیشتیمانیی، بزوتنەوەی ئیسلامی، زەحمەتكێشانی كوردستان، سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان و بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەیان كرد و پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوەی نوێ بەشدار نهبوون.