مێسی: دایک و باوکم وایاندەزانی کچم، ناوی کچانەشیان بۆ دانابووم

لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، لەنوێترین چاوپێکەوتندا باس لە چەندین پرسی جیاواز دەکات.

ئاماژە بۆ سەردەمی گواردیۆلا و ئێنریکی دەکات، بە گرنگییەوە باسی دوو ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە دەکات.

لە وەلامەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دواى وازهێنان لە یاریی تۆپی پێ لە بوارەکەدا دەمێنێتەوە.

 

“بە منداڵی توشی پێكان بووم، دواتر خێزانەكەمم بەجێهێشت بەرەو بەرشلۆنە، لەوێ فێری زۆر شت بووم.”

 

“لە ئەرجەنتین سەرنج لەسەر ڕاكردن و تۆپ بوو، لە بەرشلۆنە سەرنج لەسەر ئەوەبوو چۆن مامەڵە لەگەڵ تۆپدا دەکەیت.”

 

“شێوازی یاریكردنم لە منداڵییەوە تاوەکو ئێستا نەگۆڕاوە، بەڵام هەوڵدەدەم زیاتر بەرەوپێشبچم.”

 

“لە منداڵییەوە لەگەڵ تۆپدا گەورە بووم، نەنكم هاوكارم بووە و وای لێكردم تۆپی پێم خۆشبووێت.”

 

“نەمدەزانی كە یاریزانێكی زۆر باشم، بەردەوام دەمویست براوەبم و گۆڵ تۆماربكەم.”

 

“لەقوتابخانە مامۆستاكان هەڕەشەیان لێدەكردم، كە ئەگەر خراپبم، ڕێگەم نادەن یاری بكەم.”

 

“لە تەمەنی 11 ساڵییەوە چارەسەری كەمی گەشەم وەردەگرت، بەڵام یانەی ڕۆزاریۆ بۆی دابین نەدەكرا و زۆر لەسەریان دەكەوت.”

 

“كاتێك من لە سكی دایكمدا بووم، دایک و باوکم وایانزانیوە کچیان دەبێت، تەنانەت ناوی كچیشیان ئامادەکردووە.”

 

“كاتێك پەیوەندیم بە بەرشلۆنەوە كرد، ژووری تایبەتییان بۆ تەرخانکردم، تۆپ و جلوبەرگی وەرزشییان پێدام، شتێكی زۆر نوێ بوو بۆ من.”

 

“ئەمڕۆ قورسە منداڵێكی 10 بۆ 11 ساڵ ناچاربكەیت یاری بكات، چونكە سەرقاڵی پلەی ستەیشن و ئایپادن زیاتر.”

 

“كاتێك تەمەنم 14 ساڵ بوو، زۆرباش یاریم دەكرد، شتەكان زۆر خێرا ڕوویاندا، بەخێرایی پەیوەندیم كرد بە تیپی یەكەمەوە.”

 

“لە جامی خوان گامبەر ڕیكارد بانگهێشتی كردم، دواتر بەرامبەر یوڤێ ڕۆشنایم لە بەرشلۆنە بینی و وێنەی یانەكەش جوانتر بوو لەلام.”

 

“ڕۆناڵدینۆ و دیكۆ و چاڤی و پویۆڵ وایانلێكردم كە هەست بكەم تەنها منداڵێك نیم، كارئاسانی زۆریان بۆ كردم و زوو لەگەڵیاندا خۆم گونجاند.”

 

“كۆپا ئەمریكا بۆ من زۆر گرنگ بوو، هەمو شتێكم لەگەڵ بەرشلۆنە بردبووەوە، بەڵام لەگەڵ ئەرجەنتین زۆر یاریی كۆتایم دۆڕاندبوو، پێویستم بەو ناسناوە بوو.”

 

“بەشێك لە ئەرجەنتینەكان ڕەخنەیان لێدەگرتم، ئەوەش زۆر ئازاری دەدام.”

 

“پاش هەوڵدانێکی زۆر، دواجار خەونەكەم هاتەدی و بوینە پاڵەوانی كۆپائەمریكا، خۆڕاگریم لەدەستدا و دەستمکرد بە گریان.”

 

“یاریەكەی مۆرینیۆ و چێڵسی زۆر خراپ بوو، وەرزی ڕابردوو بەرامبەریان یارییم كردبوو زۆر بە توندی لێیاندەدام.”

 

“سەردەمی گواردیۆلا زۆر جیاواز بوو، وایلێكردین وەك یەك تیم گەشە بكەین، دەچوینە هەر یاریگایەك بەرامبەر هەر یانەیەك یاریمان بكردایە دەمانزانی كە دەیبەینەوە.”

 

“شكستمان هەبوو، بەڵام هەمیشە متمانەی ڕاهێنەرمان هەبوو و چێژمان لە یاریكردن دەبینی.”

 

“گواردیۆلا كارەكەی لە ئێمە ئاسان كردبوو، زیانی بە تۆپی پێ گەیاند، چونكە دوای خۆی چەندین كەس ویستیان لاسایی بكەنەوە و سەركەوتوو نەبوون، بە تێپەڕبوونی كات دەركەوت، ئەوەی ئەو دەیكرد تاقانە و بێوێنە بوو.”

 

“جارێكیان گواردیۆلا پەیوەندی پێوەكردم و وتی، دەمەوێت بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید وەك هێرشبەری ژمارە 9ی نادیار یاری بكەیت، دەیزانی كە من دەمەوێت لە چاڤی و ئینێستا و بۆسكێتسەوە نزیكبم، كارەكەمان كرد و سەركەوتووبووین.”

 

“لویس ئێنریكی وەك گواردیۆلا تایبەت بوو، لە خوێندنەوەی یاری و ئامادەكاری بۆ تیپی بەرامبەر بێوێنە بوو، هەمان فەلسەفەی گواردیۆلای هەبوو، دەیزانی چۆن زیان بە تیپی بەرامبەر دەگەیەنێت.”

 

“بوون بە مێسی هەندێک لایەنی خراپی هەیە، چەندینجار ویستوومە بچمە دەرەوە لەگەڵ خێزانەكەم و سەرنجی كەس ڕانەكێشم، بەڵام نەمتوانیوە.”

 

“ئەنتۆنێلای خێزانم لە تەمەنی حەوت بۆ هەشت ساڵییەوە دەناسم، سەرەتا كە بەجێمهێشت، هەفتەی جارێك قسەمان دەكرد.”

 

“كاتێك لەگەڵ هاوڕێكانم دەبم، یان خێزانەكەم، من مێسی نیم و كەسێكی ئاساییم، بەسەربردنی كات لەگەڵ خێزانەكەم گرنگترین شتە بەلامەوە.”

 

“بەهۆی هەڵكشانی تەمەنمەوە، دەزانم كە كاتێكی زۆرم نەماوە و چێژ لە هەموو شەتەكان دەبینم.”

 

“سكالۆنی كەسایەتییەكی بەرزی هەیە و دەزانێت چۆن پەیوەندی لەگەڵ یاریزانەكان پێکبهێنێت، شێوازی سەرپەرشتیكردن و دیاریكردنی یاریزانی پێکهاتەکەی بەلایەوە زۆر گرنگە.”

 

“سەردەمی مارادۆنا كێشەمان هەبوو، بەڵام كەشێكی خۆشمان هەبوو، ئەوەی لە توانایدا بوو بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی كرد.”

 

“بەڕای من، سەرباری پێكانەكان هێشتا فەرەنسا بەهێزە، ژمارەیەكی زۆر یاریزانی هەیە، هەروەها ڕاهێنەرەكەیان ماوەیەكی زۆرە لەگەڵیاندایە.”

 

“بەڕازیل خاوەنی چەندین یاریزانی كوالێتی بەرزە، جگە لەوەی نێیماریان هەیە کە یەکێکە لە باشترینەکان.”

 

“گرنگترین شت بۆ ئێمە بردنەوەی یەكەم یاریی مۆندیالە، بۆ یارییەكانی تر تووشی ئاستەنگی نابین.”

 

“ئیسپانیا تیپێكی بەهێزە و ناچارت دەكات زۆر ڕابكەیت، تیپێكی لاون، بەڵام شێوازی یاریكردنی ڕوونە و بۆ هیچ ڕكابەرێك نایگۆڕێت.”

بابەتی پێشتر

ئەو گەنجەی لە کەلار دیارنەما لە کەرکوک بە برینداری دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

کریستیانۆ: یونایتد یانەیەکی بازرگانییە و نیڤڵ و ڕۆونی هاوڕێم نین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share