بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی هەرێم رایگەیاند لە سبەی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و بەفرێکی کەم لەسەر لوتکەی چیا بەرزەکان دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە بە یەک پلە بە بەراورد لەگەڵ تۆمارەکانی دوێنێ”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “سبەى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى شەپۆلێکی باران بارین کە کاریگەرى دوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریای سوورە، کاریگەرى ئەم شەپۆلە باران بارینە تاوەکو رۆژى پێنجشەممە لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت”.
ئاشکراشی کردووە، “ئاسمان لەکاتەکانى بەیانی نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، سەرەتا نمە باران لەسەر ناوچە شاخاوییەکان و بەشەکانى رۆژئاواى هەرێم و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى دەستپێدەکات، پاشان کاریگەرى باران بارین درێژدەبێتەوە بۆ سەر تەواوى ناوچەکەمان ، ئاستى دابارین مامناوەند دەبێت و لە هەندێک ناوچەش بە تایبەتى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى هەندێک کات لێزمە باران دەبێت”.
هەر لە راگەیەندراوەکەی کەشناسیی هەرێمدا هاتووە، “لە کاتى باران بارین هەورە تریشقەى لەگەڵ دەبێت و لەسەر لووتکەى شاخە بەرزە سنووریەکان بەفرێکى کەم دەبێت، پلەکانى گەرما بەگشتی کەمێک نزم دەبنەوە”.