گرفت بۆ نەوتی ئەو هاوڵاتییانەی هەرێمی كوردستان دروستدەكرێت كە فۆرمی خۆراكیان سەر بە پارێزگای كەركوكە و سەرچاوەیەك وردەكاریی پرسەكە بۆ ئێستا دەخاتەڕوو.
سۆران حەمەجان رەشید كە بریكاری گواستنەوەی نەوتی حكومیی هاوڵاتییانە لە كەركوكەوە بۆ سلێمانی رایگەیاند، پسووڵەی وەرگرتنی نەوتی 1214 خێزانیان لایە كە بڕیاربوو لە رێگەی 253 شۆفێرەوە بگواسترێتەوە بۆ هاوڵاتییان، بەڵام رێگرییان لێدەكرێت.
ئاشكرایكرد، لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی بەرهەمەكانی نەوت لە كەركوك و لە لایەن ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە، رێگری دەكرێت نەوت بۆ هاوڵاتییان بگوازنەوە كە زۆرینەی خێزانەكان دانیشتووی ناوشاری كەركوكن و لە كۆی 253 شۆفێر، 152ـیان نەوت بۆ هاوڵاتییانی ناوشار دەگوازنەوە.
ئەو بریكارەی گواستنەوەی نەوت بە ئێستای راگەیاند، لە رێگەی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكە دەدەن و “ئەوان لەسەر هێڵن و بەردەوامن لە هەوڵەكانیان، بەڵام تا ئێستا چارەسەرنەكراوە”.
سۆران حەمەجان بە سەرسووڕمانەوە دەپرسێت، “بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی بەرهەمەكانی نەوت لە كەركوك خوودی خۆی پسووڵەی دابەشكردنی نەوتی داوە بە هاوڵاتییان كە بۆ هەر خێزانێك 100 لیتر نەوتە، هۆكارەكەی چییە گەر هاوڵاتییەكە نەتوانێت خۆی نەوتەكە وەربگرێت و كەسێكی دیكە بەو كارە رابسپێرێت، گرفتی بۆ دروستدەكرێت و نەوتەكەی پێنادرێت؟!”.