بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێك ئاراستەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان دەكات

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێكی ئاراستەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان كرد و پشتیوانیی خۆی و یەكێتیی بۆ دووپاتكردنەوە.

لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روو لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، “بەڵێنتان بۆ دووپات دەكەمەوە كە بەندە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین”.

دەقی پەیامەكە:-

خوێندكارە خۆشەویستەكانی سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان

بەبۆنەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنەوە پیرۆزباییتان لێدەكەم و هیوای سەركەوتن و داهاتوویەكی پرشنگدارتان بۆ دەخوازم.‎

لە ساڵی رابردوودا بە دیداری یەكتر شادبووین و بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەركردنی كێشەكانم پێدان، بەخۆشحاڵییەوە زۆرینەی كێشەكانمان چارەسەركرد.

ئێستاش بە بڕوای تەواوم بە رۆڵ و پێگەی ئێوە لە ئێستا و داهاتووی وڵاتەكەماندا، بەڵێنتان بۆ دووپاتدەكەمەوە كە بۆ ئەمساڵی خوێندنیشتان، بەندە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.

خوێندكارانی ئازیز

ئێوە ئەو نەوە فێرخواز و داهێنەرەن كە وڵاتەكەمان پێویستی بە توانا و لێهاتووییەكانی ئێوەیە و ئومێدی گەورەمان لەسەر داهاتووی ئێوە هەڵچنیوە. هەر بۆیە بەدیهێنانی ماف، بەدەستهێنانی شایستە داراییەكان و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندنتان بە ئەركی خۆمان دەزانین و هاوشێوەی رابردوو لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین.

پشتیوانی هەموو فشارە مەدەنییەكانتان دەبم و هیوادارم چالاكییەكانتان توندوتیژییان لێنەكەوێتەوە و كاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانی هاوڵاتییان نەبێت. داواكارم هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بن لە پاراستنی ئاسایشی ئێوە و هاوكاریكردنی خەڵكە خۆشەویستەكەمان.

پێكەوە بەرەو داهاتوویەكی گەشتر هەنگاو دەنێین.

دڵسۆزتان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

12ی تشرینی دووەمی 2022

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share