جێگری دووەم بۆ سەرۆكی پارتی زیادكرا

مەسعود بارزانی بە سەرۆكی پارتی، نێچیرڤان بارزانی جێگری یەكەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی هەڵبژێردران.

لە دەستپێكی كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دهۆك دەستیپێكرد، مەسعود بارزانی بە سەرۆكی حزبەكە، نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەكەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەمی سەرۆك هەڵبژێردران.

پێشتر سەرۆكی پارتی تەنها یەك جێگری هەبوو و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی-یەوە بەڕێوەدەبرا.

پێشتر شرۆڤەکاری سیاسی سەردار عەزیز، لە وتارێكدا كە بۆ دەزگایەكی ئیماراتی نووسیویەتی دەڵێت، دوایین كۆنگرەی پارتی لە ساڵی 2010 بەڕێوەچوو، شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ ئەوە دەکرێت کە بۆچی لەوکاتەوە هیچ كۆنگرەیەك نەکراوە، بیانووی شەڕی دژی داعش و هەلومەرجی دوای ریفراندۆم و کۆڤید-19 هەرچۆنێک بێت، پارتی کێشەی دیکەی هەبووە، دیارترینیش لە ناویدا ململانێی بووە بۆ سەركردایەتی لەناو بنەماڵەی بارزانیدا. دەشڵێت، “لە 76 ساڵدا پارتی تەنیا دوو سەرۆکی هەبووە، باوکی دامەزرێنەر و کوڕەکەی. رەخنەگرانی ناوخۆش کۆنگرەکە بە کۆنگرەی مۆری لاستیکی ناودەبەن”.

سەردار عەزیز لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا باس لەوەدەكات، پرسی جێنشین پرسێكە بە ئاسانی لەبیرناكرێت، هیچ چاودێرێکی هەرێمی کوردستان گرفتێکی نییە بۆ خوێندنەوە لەنێوان هێڵەکان بۆ تێگەیشتن لە هیوا و نیازەکانی هەردوو ئامۆزا نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بۆ سەرکردایەتیكردنی حیزبەکە و دەڵێت، “ئەو دوو ئامۆزایە پێشبڕکێ دەکەن بۆ جێگرتنەوەی مەسعود بارزانی” و روونیشیدەكاتەوە، “گرژی و باڵباڵێن لە نێوان ئەو دوو لایەندا بۆتە بابەتێکی گشتی، ئەم کێشەیە زۆر جدیترە”.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی دهۆك-یش وەك شوێنی ئەنجامدانی كۆنگرەكە ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەڕای بوونی ئەندامێکی زۆر پارتی لەو شارەدا، بەڵام رێژەی بێهوابوون لە پارتەکەدا زۆر بەرزە، ئەندامەکانی پەرۆشییان لەدەستداوە. لە کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەماندا جەمال کۆچەر کاندیدی یەكگرتووی ئیسلامی زۆرترین دەنگی لە ناوچەکەدا بەدەستهێنا.

بابەتی پێشتر

ئێستا راستیی مردنی ئەو ژنەی "لە لایەن خەسوویەوە سووتێندرا" ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب ئەمساڵ زیاتر 55%ی بەشداربووانی لە دەرەوەی عێراقن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share