بەرزبوونەوەی توشبوون بە شێرپەنجە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی هێنایە قسە

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، لەبارەی زۆربوونی توشبوون بە شێرپەنجە، ڕاپۆرتێك لەلایەن لیژنەی تەندروستییەوە خوێندرایەوە، ئاشكراكراوە، مانگانە سەدان كەس لە هەرێم توشی شێرپەنجە دەبن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان، کە لەلایەن گەلاوێژ عوبێد، ئەندامی لیژنەكە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا خوێندرایەوە، لە ساڵی 2020 لە پارێزگای هەولێر، 3 هەزار و 50 کەس توشی شێرپەنجە بوون، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 2 هەزار و 500 کەس و لە پارێزگای دهۆکیش 700 توشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون.

راپۆرتەكەی لیژنەی تەندروستی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “جگە لەوەی ساڵ بە ساڵ ڕێژەکە زیاتر دەبێت، بەپێی ئەو تۆمارەی وەرگیراوە، مانگانە 524 کەس لە هەرێم توشی نەخۆشییەکە دەبن، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووان نزیکەی 6 ملیۆن کەسە، بۆیە ژمارەی توشبوون بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان ڕێژەیەکی بەرزە”.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە ڕاپۆرتەکەی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان ئاماژەیان پێكراوە، 90٪ی توشبووانی هەرێم خەڵكی هەرێمی كوردستانن و 10٪ی دیکەش خەڵكی شارەکانی خوارووی عێراقن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەپێی ڕاپۆرتێک، کە لە وەزارەتی تەندروستییەوە وەریانگرتووە، لە ساڵی 2013وە تا ساڵی 2019، ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لەهەر 100 هەزار کەس لە هەولێر و دهۆک، لە 70 نەخۆشەوە بەرزبووەتەوە بۆ 173 نەخۆش.

لەبارەی بەربڵاوترین جۆرەكانی شێرپەنجە، شێرپەنجەی سییەکانە لای پیاوان و دوای ئەویش شێرپەنجەی مەمکە، کە لە ژناندا تۆمارکراوە، دوای ئەوانیش شێرپەنجەی گورچیلە و خوێن لە ڕیزبەندی دووەم و سێیەمی بەربڵاوترین جۆرەكانی شێرپەنجەن لە هەرێمی کوردستان.

ئەندامەكەی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكردووە، کێشەی سەرەکیی نەخۆشییەکە لە هەرێمی کوردستان، جگە لە زۆربوونی حاڵەتەکان، دواكەوتنی پشکنینە، کە لە زۆربەی نەخۆشەکاندا دووبارە دەبێتەوە و لە کۆنترۆڵ دەرچوون، هۆکارەکەش ئەوەیە پشکنین لە هەرێمی کوردستان کەمە، هەر ئەوەش وایکردووە مردنی پێشوەختە بە نەخۆشییەکە بەرزبێتەوە، لەوانەش مردن بە شێرپەنجەی قۆڵۆن و مەمک و ملی منداڵدان”.

بابەتی پێشتر

سەرۆکی وڵاتێکی ئەفریقی کوژرا

بابەتی دواتر

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی و وەزیری بەرگریی سوید

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share