یەكێتی بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە بوختاننامە ناودەبات

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەڵامی بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دەداتەوە و بە بوختاننامە ناوی دەبات و جەختیشدەكاتەوە زۆر بە پەلەپڕوزێ كەوتووەتە شێواندنی زەقی ڕاستییەكان و تێكەڵكردنی كاغەزەكان بە جۆرێك نەك هەر هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو خودی پارتییەكانیش، بڕوای پێناكەن و تۆمەتی دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەخاتە پاڵ یەكێتی، لەكاتێكدا پارتی دەیویست بەو یاسا كۆنەی هەڵبژاردن و تۆمارە پڕخەوشەی دەنگدەران بەبێ‌ هەمواركردنەوەیەكی گونجاو هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەڵامی مەكتەبی سیاسی پارتی دایەوە كە تێیدا هاتووە، ” مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكی چەواشەكارانەدا وەڵامی لێدوانە ڕاست و ڕەواكانی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی داوەتەوە و زۆر بە پەلەپڕوزێ كەوتووەتە شێواندنی زەقی ڕاستییەكان و تێكەڵكردنی كاغەزەكان بە جۆرێك نەك هەر هاوڵاتییانی كوردستان، بەڵكو خودی پارتییەكانیش، بڕوای پێناكەن و لە ڕوونكردنەوەكەدا گوایە باس لە پەڕاوێزخستنی حزبی دەكەن، لە كاتێكدا یەكێتی بەوە دەناسرێتەوە هەمیشە سەركردە و تێكۆشەر و خەباتگێرەكانی پێشڕەو و سەرمەشقن لە سەنگەری بەرگری لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەكێتییەكەیاندا”.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، “ڕوونكردنەوەكە تۆمەتی دواخستنی هەڵبژاردن دەخاتە ئەستۆی یەكێتیی، خەڵكی كوردستان زۆر لەوە هۆشیارترن باوەڕ بە بوختانی وا بكەن. ڕاستییەكەی ئەوەیە كە پارتی دەیویست بەو یاسا كۆنەی هەڵبژاردن و تۆمارە پڕخەوشەی دەنگدەران، بەبێ‌ هەمواركردنەوەیەكی گونجاو، بچینە ناو پڕۆسەیەكی شێواوی هەڵبژاردنەوە، كە تەنها و تەنها لەبەرژەوەندیی پارتی و تەزویرە ئاشكرا و چەندبارە بووەكانیدایە”.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاشیگەیاندووە، “ئاخر هەڵبژاردن لە بنچینەدا بۆ گۆڕانكاریی سیاسیی و دیموكراسی ڕاستەقینە دەكرێت كە ئەو ئامانجانە بەدینەهێنێت، ئەوا وەك تەسدیقكردنی بەرنامە تەزویرەكەیانە كە ئێستا بۆتە فەرهەنگێك نەك لە دژی فرەحزبی كوردستان، بەڵكو لە دژی خودی كۆنگرەی پارتی و ئەندامەكانیشی تەشەنەی سەندووە”.

لە ڕاگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هاتووە، بەشێكی بەلاغەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی فرمێسكی تیمساحی بۆ ئایندەی هەرێم هەڵدەرێژێت و لە بیریدەباتەوە كە ئەوە پارتییە هەمیشە ئامادەبووە و ئامادەیە هەموو هەرێم و ئەزموونەكەمان بكاتە قوربانی بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و ئیمارەتێكی بەر تەسك بۆ مانەوەیان تا شتێك نەمێنێت بە ناوی هەرێم و حكومەت و ئیدارەی كوردستانییەوە، پیلان و كەینووبەینە ئیقلیمییەكانیان شاهیدی ئەوەن و لە هەر تەنگژەیەكی سیاسیشدا ویستی هەڕەشە ئامێزی ماڵجیایی هەمیشە بەشێك بووە لە پەیامی ئاشكرا و نهێنییان.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشڵێت، “ئەم ڕاستییە ئاشكرایانە بە دەلەسەی گوایە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی داناپۆشرێت، چونكە ناوخۆی پارتی و گرژی نێوان باڵەكانی وا زەقەكە كە ئێستا بۆتە مەترسیی سەرباری ئەو مەترسییانەی پارتی بۆ كوردستانی دروستكردووە.

ڕونكردنەوەی بوختان ئامێزی مەكتەبی سیاسیی پارتی باس لە ترسی دۆڕانی هەڵبژاردن دەكات كە پارتی دەمێكە بەهای دیموكراسی لە هەڵبژاردنەكان دۆڕاندووە و ئەوە تەنها تەزویر و چاوسووركردنەوەیە ئەوانی لە گۆڕەپانی زۆرینەی ساختەی حوكمڕانیدا هێشتووەتەوە.هەروەها ئەوە پارتییە دوو چەمكی (مونافەسە و دوژمنایەتی) تێكەڵكردووە، چونكە هەر حزب و لایەنێك نەچێتە ژێر ڕكێفی وەهمی حزبی قائیدەوە و مل بۆ خۆسەپاندنەكەیان نەدات بە دوژمنیان زانیووە و بە داتاشینی سینارێوی دەستكردی موخابەراتی و تەشهیری میدیایی تەخوینی دەكەن.

مەكتەبی سیاسی پارتی بە لوتبەرزییەوە دەڵێت: (ئێمە لەوە گەورەترین بچینە لای كەسی دیكە و گلەیی بكەین) ئەمەش هەمان فەرهەنگی عینادی و حیساب نەكردنە كە ڕاوێژ و بیروڕا گۆڕینەوەی نێوان هێزەكانی كوردستانیشی پێ عەیبەیە، پێچەوانەی یەكێتی كە بۆ هەر هەنگاوێك بڕوای بە تەگبیر و ڕاوێژ هەبووە و خۆی بە دوورگرتووە لە تاكڕەوی و خۆسەپێنی و ڕاوێژی یەكێتی لەگەڵ هاوبەشەكانی ئەزموونی كوردستان بۆ سوڵح و شەفاعەت نەبووە لەگەڵ پارتیدا، بەڵكو بۆ خستنە ڕووی نیگەرانییەكانی هەمووان بووە لە ئەدای خراپی حوكمڕانی و تاكڕەوی پارتی تا هەموولایەك لە هەر هەڵوێستێكی یەكێتیی ئاگاداربن، ئەگەر كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان خراپە ئەی بۆچی دوای سەردانەكانی شاندی یەكێتیی، تەنگەتاو بوون و گوایە (شاندی حكومیان) پێكهێنا و لە دەرگای لایەنەكانیان دا؟.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، “بوختاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی باس لە كەیسی تیرۆركردنی شەهید (هاوكار جاف) دەكات، گوایە پێشوەختە ئاگاداری كردەوەكە بوون ئەی بۆچی هەوڵتان نەدا ڕێی لێبگرن و فرمێسك و خوێنێك بۆ گەلەكەمان بگێڕنەوە؟ یان ئەوە دەسەلمێنن كە ڕەنگە هەر خۆتان و كەسانی ڕاكردوو لە یاسا كە داڵدەتان داون، بەرپرسن لەو ڕووداوە؟!، خۆ ئەگەر باسی تۆماری تیرۆر بكەین ئەوا پەرێزی مێژوویی پارتی قەت پاكنابێتەوە و تاوانەكان لە ژماردن نایەن، كە تازەترینییان شەهیدكردنی كارمەندێكی ئاسایش بوو لە چەمچەماڵ و لێدان و دەستدرێژی بۆ سەر كەسانی تر لە سنووری دەسەڵاتی یەكێتیدا، ئەدی بۆچی ئەو دۆسێیانە دیزە بەدەرخۆنە كران و تاوانبارەكانتان لای خۆتان گلداوەتەوە و موعەزز موكەرەمن لە پایتەخت دەژین”.

روونكردنەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، “دوای داواكردنی چەند كەسێك لە لایەن دادگاوە گوایە هێرشی یەكێتی بۆ سەر پارتی دەستپێكردووە لەكاتێكدا بڕیاربوو لیژنەی هاوبەشی لێكۆڵینەوە لە هەر كەیسێكی گوماناوی بكەن نەك هەر خۆیان ئیستفراد بە دادگا و لێكۆڵینەوە بكەن و سیناریۆ دا بتاشن و مۆری دادگای لێبدەن”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەی یەكێتیدا هاتووە،دوا قسەمان دەڵێین ، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، ئەوە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بووە كە هەمیشە نەرمی نواندووە و لەزۆر مافی خۆمان خۆشبووین، بەڵام ناكرێت تا سەر بێدەنگ بین لە سیاسەتی جیاكاری و ئابڵوقەی دوژمنكارانە بەرامبەر خەڵكی ناوچەكانی ئەم دیو دێگەڵە (بگرە تەواوی دۆخی دژواری كوردستان) كە تا ئێستا سنوورێكی دروستكراوی هەڵبەستنی ڕق و كینەی ناختانە، هیوامان وایە سەرئەنجام تای دەمارگیری، بوغزو كینە، واهیمەی (حزبی قائید) و تەخوینی بیروڕای جیاواز بەرتان بدات و لە كۆنگرەی سبەینێتاندا سیاسەتێكی نوێی كوردانە و دەربەستی سیاسی بگرنە بەر و بڕیاری نیشتمانی ئەوتۆ بدەن كە زەرەری تا ئێستا زۆر و زەبەنەتان، لە نیوەی بگێرێتەوە.

بابەتی پێشتر

حەوت زانیاری لەسەر كەركەدەن

بابەتی دواتر

خوێندنی باڵا پۆستێك لە زانكۆی دهۆك رادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share