دەربارەی پشكی هەرێم لیژنەی دارایی داوایەك ئاراستەی حكومەتی بەغداد دەكات

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە حكومەتی ناوەند دەكات پابەندبێت بە ناوەرۆكی یاسای بودجە.

لیژنەكە ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەكدا داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كرد پابەندبێت بە دەقی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 لەوەی پەیوەستە بە خەرجكردنی شایستەكانی هەرێمی كوردستان.

دەشڵێت، “یاسای بودجە شێوازێكی ​ڕوونی دیاریكردوه‌ كە جێگه‌ی گۆڕانكاریكردن و موجامەلەكردن بە پرسەكەوە نیه‌، بەڵكو پابەندییەكانی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوەندی دیاریكردووە”.

هۆشداریش دەداتە ئەو لایەنانەی پێشێلی دەقەكانی هاتوو لە یاسای بودجەدا دەكەن بەوەی “بەرپرسیارێتی یاساییان دەكەوێتە ئەستۆ”.

دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە بە خەرجكردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، دوای وردبینیكردنی داتا و ئامارەكانی نەوت و داهاتی نانەوتی و بڕیاریشە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب بکرێت.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لیژنەی دەستپاكی ناڕازیین لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بە بەهانەی ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو مەرجانە نەبووە کە لەسەرییەتی.

لەبارەی ئەوەی ئایا لیژنەکە داتوانن تانە لەبڕیارەکە بدەن سەرچاوەكە وتی، “بەدڵنیایی لیژنەی دەستپاکی لەڕووی یاساییەوە دەتوانن لە دادگای فیدراڵی تانە لە هەر بڕیارێک بدەن و لە ئەگەری سەرکەوتنیشیاندا بڕیارەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە”.

لەلایەکی دیکەوە عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، “ئەو بڕیارە بۆ ناردنی 200 ملیار دینار مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی دووەمەوە بڕیارێکی نایاساییە و دژە لەگەڵ یاسای بودجەی فیدراڵی 2021”.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، “لە دادگای باڵای فیدراڵی تانە لە بڕیارەکە دەدەین، چونکە دژە لەگەڵ ماددەی 11ی یاسای بودجە”.

بەپێی ماددەی 11ی یاسای بودجەی 2021ی عێراق، هەرێمی کوردستان پێویستە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆوە بفرۆشێت و %50ی داهاتە نانەوتییەکانیش ڕادەستی بەغداد بکات، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق ڕەوانە دەکات.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) وێڵز سێ خاڵی لە تورکیا داماڵی

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئیتاڵیا بە سێ گۆڵ سێ خاڵی لە سویسرا داماڵی و پەیامێکی ئاڕاستەی گەورەکانی دیکە کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share