شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، تەقینەوەکەی شەوی شەممەی رابردووی شاری بەغداد بەهۆی کردەوەی تیرۆرستییەوە نەبووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە دوای ئەو تەقینەوەیەی شەوی شەممە بەغدادی پایتەختی گرتەوە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتیی کوژران و برینداربوون، لەسەر راسپاردەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە دەستیپێکرد”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “بە پێی لێکۆڵینەوەکان رووداوەکە بەهۆکاری هونەری روویداوە، کە بریتی بووە لە پەنگخواردنەوەی غاز لە ناو تانکەری بارهەڵگرەکەدا”
ئاشکراشی کرد، “رووداوەکە بە هۆی پشتگوێخستنی مەرجەکانی سەلامەتییەوە بووە، هیچ نیشانەیەکی تاوانکاری یان تیرۆرستی پێوە نییە، لەمەو بەدوا رێوشوێنی جددی بەرامبەر ئەو بارهەڵگرانە دەگیرێتە بەر کە داخڵی ناو پارێزگاکە دەبن”.
شەوی شەممەی رابردوو لە رۆژهەڵاتی شاری بەغداد تانکەرێکی گواستنەوەی سوتەمەنی تەقییەوە و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران و برینداربوون، لە کاتی رووداوەکەدا زۆرێک پێشبینیان دەکرد رووداوەکە تیرۆرستی بووبێت”.