پزیشکێکی پسپۆڕی خۆپاراستنی تەندروستیی رایدەگەیەنێت، گرنگە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و پایز رێگەکانی خۆپارێزی لە تووشبوون بە پەتای زستانە پەیڕەبکەین، بەڵام نابێت ئەمە وامان لێبکات رێگای ناتەندروست تاقی بکەینەوە.
د. ئەندرییە تێچیلنیکۆف، پزیشکی پسپۆڕی خۆپاراستنی سەرەتایی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی رووسیا رایگەیاند، “باشترکردنی سیستەمی بەرگری لەش لە رێگەی سیستەمی خواردنی هاوسەنگ و دەوڵەمەند بە ڤیتامینەکان و بەکارهێنانی تەواوکارە خۆراکییەکان بە پێی راوێژی پزیشک بێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “گرنگە ئاستی ڤیتامین سی و ڤیتامین دی و زینک لە جەستەدا بەرزبێتەوە بۆ زیادبوونی بەرگری جەستە، دواتریش لەبەرکردنی پۆشاکی گونجاو بۆ ئەوەی هەست بە سەرما نەکەیت، رێگە لە تووشبوونت بە سەرمابوونت و پەتای زستانە دەگرن”.
باسی لەوەش کرد، “لەگەڵ هاتنی وەرز ساردەکان خواردنی پیاز و سیر گرنگە، بەڵام هەندێک کەس ئاوی سیر و پیاز دەگرن و دەیکەنە لووتیانەوە کە ئەمەیان هەڵەیەکی گەورەیە، تەنها دەتوانیت بۆ ئەوەی رێگری لە چوونە ژوورەوەی بەکتریا بگریت بۆ ناو لووت غەرغەرە بە ئاو و خوێ بکەیت و بەهەمان شێوەش لووتت پاک بکەیتەوە”.
ئاشکراشی کرد، “لەهەموو رێگەکانی دیکە باشتر بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسە زستانییەکان وەرگرتنی ڤاکسینە، بەڵام لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەکانیش بەردوام لە گۆڕاندان پێویستە ساڵانە ڤاکسینی نوێ وەربگریت”.