سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سبەی پێنجشەممەی بۆ دەنگدان بە بەرنامەی حكومی و كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی دیاریكرد.
محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆی سبەی پێنجشەممەی بە وادەی دەنگدان بە بەرنامەی حكومی و كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی دیاریكرد كە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوەوە پێشكەشكراوە.
دیاریكردنی وادەكە بە نوسراوی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئەو داواكارییەیە كە سودانی پێشكەشی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكەی كردووە، دوای ئەوەی لەسەر داوای جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانكاریی لە نووسراوی داواكارییەكەیدا كرد.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا نووسراوێكی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوكرایەوە كە ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كراوە و تیایدا دیاریكردنی دانیشتنی تایبەت بە پێدانی متمانە بە كابینەی نوێ رەتكردەوە و لە سێ خاڵدا هۆكارەكەی روونكردووەتەوە، كە یەكەمیان بەكارنەهێنانی زمانی كوردییە لە نوسراوەكەدا هاوشانی زمانی عەرەبی وەك ئەوەی لە دەستووردا هاتووە.
داواكارییەكە بەرنامەی كاری حكومەتی هاوپێچ نەكراوە، ئەمەش هۆكاری دووەمی رەتكردنەوەكەیە.
لە خاڵی سێیەمیشدا دەڵێت، دیاریكردنی وادەی دانیشتنەكان لە تایبەتمەندیی كاری ئەنجومەنی نوێنەرانە و، دیاریكردنی وادەی دانیشتن لە نووسراوەكەدا پێچەوانەی پەیڕەوی پەرلەمانە.