ستران عەبدوڵڵا: ئەم حکومەتە حکومەتی پارتی نییە داوای وەزارەتی لێبکەین

ستران عەبدوڵڵا دەڵێت، “شایستەی یەكێتی لە حكومەتی نوێی عێراقدا دوو وەزارەتە و ئەم حکومەتە حکومەتی پارتی نییە، داوای وەزارەتی لێبکەین”.

ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، “بۆ پرسی بەرکەوتنی وەزارەتەکان لە حکومەتی عێراقدا، ئێمە روومان لە محەمەد شیاع سودانی-ـیە لە وەرگرتنی بەرکەوتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،  روومان لە پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، خۆ ئەم حکومەتە حکومەتی پارتی نییە، داوای وەزارەتی لێبکەین، ئەمە حکومەتی بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانییە”.

لە لێدوانێکیدا ستران عەبدوڵلا جەختیكردەوە کە بەشێکی زۆری پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لەسەر دوو بنەمایە، ھەم لەسەر دەنگ و ھەم لەسەر سەنگ، واتە ھەم لەسەر ژمارەی کورسییەکان و ھەم لەسەر سەنگی سیاسی لایەنە سیاسییەکانیش و وتی، “بەگوێرەی ئەو بەرکەوتنانە بێگومان چوار وەزارەت بەر کورد دەکەوێت و لەناو کوردیشدا وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمانوایە دوو وەزارەت شایستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە”.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی راشیگەیاند، “قسە و قسەڵۆک زۆرە وەک چۆن لە پرسی سەرۆکایەتیی کۆماردا ھەمان ئەو گەڤکردن و خۆگیڤکردنەوە ھەبوو، بەڵام سەرئەنجام پۆستەکە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلاییبووەوە، پێمانوایە بۆ پرسی بەرکەوتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەزارەتەکانیشدا سەرکەوتوودەبین”.

بابەتی پێشتر

خوێندکارانی کۆلێژێک کڵاوی تایبەت بۆ ڕێگری لە گزیکردن لەسەردەکەن

بابەتی دواتر

کاتی دەنگدان بە کابینەکەی سودانی ئاشکراکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share