مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵڕۆژی كیمیابارانی هەڵەبجە لە راگەیەندراوێكدا تەكیددەكاتەوە یەكێتی ” لەپێناو سارێژكردنی زامەكان و باشتر قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی تاوانی جینۆسایدكردنی ئەم شارە تێدەكۆشێت”.

دەقی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی:

ئەمڕۆ بە خەمێكی قووڵەوە ساڵڕۆژی37 ساڵەی تاوانی دڕندانەی دژ بە گەلەكەمان دەكەینەوە كە لە شاری هەڵەبجە لە لایەن هێزەكانی رژێمی بەعسی رووخاوەوە بەرامبەر بە خەڵكی بێدیفاع و مەدەنی ئەو شارە ئەنجامدرا

ئەو تاوانەی شۆڤێنیەكانی بەعس بەسەر ئەم شارەدا هێنایان رقێك بوو بەرامبەر رۆڵی مێژوویی هەڵەبجە كە لە جووڵانەوەی فەرهەنگی و شارستانێتی و سیاسیدا خاوەنی بیری دەوڵەمەند و پێشكەوتنخوازی كوردایەتیبوون و لە راپەڕین و شۆڕشەكانی گەلەكەشماندا هەمیشە سەرمەشق بوون، بە تایبەتی لە شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا یەكەمین مەفرەزە سەرەتاییەكانی ئەم ناوچەیە لە هەڵەبجە و شارەزوور چەكی مەردایەتیان دژی ئەو رژێمە هەڵگرت و شۆڕشیان هەڵگیرساند.

وەك چۆن هەر لە پاش راپەڕینەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئەركی خۆی و دواتر لە رێگای حكومەتی هەرێمەوە هەوڵی بێوچانی خستەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی سیمای ئاوەدانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بە هەڵەبجە و خەڵكەكەی، ئەمڕۆش زیاتر لە جاران و پاش بەڕەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەك چوارەمین پارێزگای كوردستان لە لایەن پارلەمان و حكومەتی هەرێمەوە، لەپێناو سارێژكردنی زامەكان و باشتر قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی تاوانی جینۆسایدكردنی ئەم شارە تێدەكۆشێت.

هەر لەم بۆنە خەمناكەدا تەئكیددەكەینەوە سەركردایەتی یەكێتی لە رێگای فراكسیۆنەكەیەوە لە پەرلەمانی عێراق و تیمی ئیدارەی هەڵەبجە و حكومەتی فیدراڵی لە هەوڵی بەردەوامدان تاوەكو لە ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژە یاسای بەرەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەك نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق دوا خوێندنەوە و دەنگدانی لەسەربكرێت و بە پێی یاسا و بنەما دەستوورییەكان گشت شایستە و مافەكانی بۆ دابینبكرێت.

تاوانی كیمیایبارانی هەڵەبجە زامێكی لە بیرنەكراوە

درود بۆ رۆحی شەهیدانی كیمیایبارانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی جینۆسایدی گەلەكەمان

مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان….

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share