قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، دیدار داهێنانێكە بۆ سیاسەتكردن لە هەرێمی كوردستان و ئەم داهێنانەش، هەر لە یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان جوانە.
قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی، وتاری كۆتایی دووەمین دیداری یەكێتی خوێندەوە و رایگەیاند، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبی تەنها كەسێك و ناوچەیەك نییە، بەڵكو حزبی یەك بەیەكی ئێوەی تێكۆشەر و گەنجان و ژنانە و سەرجەم راپۆرتی لیژنەكانیش كە لەلایەن سەرۆكی لیژنەكانەوە كۆكراونەتەوە و پڕن لە راسپاردە و بۆچوون و پێشنیاری ئێوە، بەئەمانەتەوە دەدرێنە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پەسنددەكرێن.
وتیشی، “هەندێك لە راسپاردەكان لە چوارچێوەی دەسەڵات و ئیرادەی یەكێتیدایە و وەك خۆیان جێبەجێدەكرێن، بەڵام رەنگە هەندێك لە راسپاردەكان پێویستیان بە گۆڕینی یاسا بێت، بۆ ئەمەش دەتوانین لە رێگەی پەرلەمانتارەكانمانەوە لە پەرلەمانی كوردستان، كاریان بۆ بكەین، هاوكات رەنگە هەندێك لە راسپاردەكان پێویستیان بە گۆڕینی رێنمایی و بڕیاری حكومی بێت و هەموو ئەمانەش، لە پێكهێنانی حكومەت و پەیڕەوكردنی بەرنامەی حكومەتدا هاوكارمان دەبن”.
“دیدار داهێنانێكە بۆ سیاسەتكردن لە هەرێمی كوردستان و ئەم داهێنانەش، هەر لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جوانە، بۆیە داواتان لێدەكەین دوای دیداریش بەردەوامبن لە گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانتان، بەشێوەیەك ژیانی حزبایەتی زیندوو بكەنەوە و رۆژانە گوێبیستی داواكاریی خەڵك بن، ئێمەش هاوكار و پشتیوانتان دەبین”، قوباد تاڵەبانی وای وت.
لە كۆتایی وتارەكەیدا، سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، “پێویستە بەڵینەكانی هەڵبژاردن ببەینەسەر و ئەو كەسانەی لێمان زویربوون، ئاشتیانبكەینەوە، وەك چۆن پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن ناوەستن، نابێت ئیمەش بوەستین”.