حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، چاوەڕێی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمە بۆ مانگی تشرینی یەكەم، کە تا ئێستا حکومەتی فیدراڵی نەیناردووە.
ئەمڕۆ شەممە 5ی كانونی یەكەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم تاووتوێکرا، وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ بەغداد و دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا جەختیش لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک سازش لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم ناکات و چاوەڕێی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمە بۆ مانگی تشرینی یەكەم لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، کە تا ئێستا نەنێردراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمە جیا لە مانگەکانی پێنج و شەش و حەوتی ئەمساڵ کە ماف و شایستەیەکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و حکومەتی فیدراڵی تا ئێستا نەیناردووە.
سەبارەت بە ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021، ئەوە خراوەتەڕوو، لێكگەیشتنی باش لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاڕاستەی گەیشتتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە چوارچێوەی ئەو پرنسیپانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون، وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە .